هەینیی داهاتوو شاجوانی دنیا دێتە هەڵبژاردن.. یەك لە بەشداران عێراقییە

:: AM:11:03:19/11/2025 ‌
بڕیارە شاری بانكۆك كە پایتەختی تایلەندە، رۆژی 21ی تشرینی دووەم كە دەكاتە هەینیی داهاتوو، شاجوانی دنیا بێتە هەڵبژاردن كە لە پێشبڕكێكەدا 121 كچی جوان بەشدارن، یەك لە بەشدارانیش كچێكی عێراقییە.

پێگەی "شەفەق نیوز" هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، هەڵبژاردنی شاجوانی دنیا بۆ ئەمساڵ خولی 74یەتی. دەستپێكی چالاكییەكە لە دووی ئەم مانگە لە بانكۆك دەستی پێ كردووە، بەڵا م دوا رۆژی كە شاجوان دێتە هەڵبژاردن، دەكاتە 21ی تشرینی دووەم كە هەینیی داهاتووە. لەو چالاكییە جیهانییەدا 121 كچی جوان بەشدارن، لەناویاندا شاجوانی وڵاتە عەرەبییەكانیش بۆ ئەمساڵ بەشدارن، ئەوانیش لە عێراق، فەلەستین، لبنان، میسر و ئیمارات، بەشدارە عێراقییەكە ناوی "حەنین قریشی"یە.

حەنین قریشی لە بەشدارە دیارەكانە و بە كارە مرۆییەكانی دەناسرێتەوە. ئێستە ئەو خاتوونە لە شاری هیوستنی ویلایەتی تێكساسی ئەمەریكا نیشتەجێیە. ئەو شاجوانە تەمەنی 12 ساڵ بووە كە لە عێراقەوە كۆچی كردووە و گەیشتووەتە ئەمەریكا.

بۆ دواشەوی پێشبڕكێكە، تەواوی بەشداران لە راهێناندا دەبن و چەندان چاوپێكەوتن لەگەڵ میدیاكاندا ئەنجام دەدەن، هاوكات پێشتریش لە 14ی ئەم مانگە نمایشیان بە جلوبەرگی مەلەكردن ئەنجام داوە، لە رۆژی 15یشدا چاوپێكەوتنی تایبەتیان لەگەڵ ئەنجام دراوە.

لەبارەی شەوی كۆتایی پێشبڕكێكە باس لەوە دەكرێت، پێشبڕكێكە چەندان بڕگە لەخۆ دەگرێت، لەناویاندا نمایشی جلوبەرگی نیشتمانی، نمایشی كراسی شەوانە، جیا لە پرسیار لەبارەی پرسی كۆمەڵایەتی و مرۆیی و هەڵوێستە ژیارییەكان. دواتریش هەڵبژاردنی شاجوان دەست پێ دەكات كە ئەویش بە ئامادەبوونی شاجوانی ساڵی رابردوو "ڤیكتۆریا كجری پێلفیگ" دەبێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د