فاتیمە مەكسیكی بووە شاجوانی دنیای 2025

:: AM:10:42:22/11/2025 ‌
لە خولی 74مینی شاجوانی دنیادا كە دوێنێ لە بانكۆكی پایتەحتی تایلەند بەڕێوەچوو، كچێكی مەكسیكی نازناوەكەی بردەوە و تاجی شاجوانی دنیا خستە سەر.

پێگەی "ئیلاف" كە رۆشنایی خستووەتە سەر پێشبڕكێكە كە تەواوی میدیاكانی دنیا هەواڵیان لەبارەوە بڵاو كردووەتەوە، لە خولی 74مینی شاجوانی دنیادا لە بانكۆك، فاتیمە بوش فرناندیز توانی تاجی شاجوانی دنیا بخاتە سەری كە كچێكی مەكسیكییە، ئەویش لەناو 120 كچی جوانی دنیا كە بەشدارییان لە پێشبڕكێكە كردبوو، گەیشتە ئاستی نازناوەكە و بووە شاجوانی دنیای 2025.

دوای ئەوەی تاجەكە خرایە سەر فاتیمە مەكسیكی، ئەو خاتوونە بۆ میدیاكان گوتی، ئەمڕۆ بۆم دەركەوت كە ئەوەیش ویستم بووە، خودا وەك چارەنووس بۆی نووسیوم، هیچ هێز و ئیرەییەك نییە بتوانێ ئەو چارەنووسە بوەستێنێت.

فاتیمە مەكسیكی یەكەمی پێشبڕكێكە بوو، بەدوایدا برافیناز سینگ كە تایلەندییە و تەمەنی 29 ساڵە، پلەی دووەمی وەرگرت. ستیڤانی ئەدریاینای ڤەنزوێلی تەمەن 25 ساڵ، پلەی سێیەمی وەرگرت. بەدوایدا ئەهتیسا مانالۆی ڤلیپینیی تەمەن 28 ساڵ، پلەی چوارەم و ئۆلیفا یاسیی كوت دیتواری تەمەن 27 ساڵ، پلەی پێنجەمی لە پێشبڕێكە پێ درا.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د