قاوەی "سیسرك و كرم" لە پەكین برەوی پەیدا كردووە

:: PM:02:17:23/11/2025 ‌
لە پەكینی پایتەختی چین لە ئاردی "سیسرك و كرم"دا، قاوەی تایبەت دروست دەكرێت و لە مۆزەخانەیەكدا دەفرۆشرێت، یەك لە كارمەندانی مۆزەخانەكەیش دەڵێت، لە رووی تەندروستییەوە سوودی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 23ی تشرینی دووەم، هەواڵەكەی لە پێگەی "زە كۆڤەر" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ماوەیەكە قاوەی سیسرك و كرم لە مۆزەخانەیەكی تایبەت بە مێرووەكان لە پەكین، بە سەردانكاران دەفرۆشرێت. ئەوەیش قسەوباسی زۆری لێ كەوتووەتەوە و هەندێك پێیان وایە كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی دروست دەكات، بەڵام یەك لە كارمەندانی مۆزەخانەكەیش بە پێچەوانەوە پێی وایە، لە رووی تەندروستییەوە سوودی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

باس لەوە دەكرێ كە لە مۆزەخانەی مێرووەكان لە پەكین، ئەو قاوەیەی بە سەردانكاران دەفرۆشرێت، ئاردی تێكەڵاوی سیسرك و كرمە، ئەو ئاردە لە سیسرك و كرمی وشككراوە دروست دەكرێت، نرخی كووپێكی ئەو قاوەیە 45 یوانی چینییە، واتە نرخەكەی لە كووپێك قاوەی ئاسایی زۆر گرانترە.

ئاماژە بەوە دراوە كە ئەوانەی تامی قاوەكەیان كردووە و خواردوویانەتەوە دەڵێن، تامی جۆرێك سووتاویی پێوە دیارە، جیالەوەی هەندێك ترشە. یەك لە كارمەندانی مۆزەانەیەكە گوتی، پڕۆژەكە بۆ كۆتایی مانگی یۆلیۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەمدواییە بایەخی زیاتری پێ دراوە و قاوەكەیش برەوی زیاتری پەیدا كردووە، بەتایبەتی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە.

ئەوەشی گوت كە لە سەرەتادا قاوەكە تەنیا لە ئاردی سیسرك ئامادە دەكرا، دواتر بە تێكەڵكردنی سیسرك و كرم برەوی زیاتری پەیدا كرد. 

لە رووی تەروستییەوە ئەوەشی گوت كە سیسرك و كرمەكان لە دوكانێكی تایبەت بە گیای سروشتی دەكڕن و بەپێی بۆچوونی پزیشكیی چینی، ئاردی سیسرك كاریگەریی زۆری بۆ سووڕانەوەی خوێن بە دەمارەكاندا هەیە، بەڵام ئاردی كرم سەرچاوەیەكی زۆرباشە بۆ پرۆتین كە سوودی بۆ بەهێزكردنی بەرگریی جەستە هەیە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د