نامۆ فازڵ لە ئەمەریكا یارییەكەی بردەوە و سەركەوتنی بەسەر گویلهێرمی باستۆس بەدەست هێنا و جارێكی تریش ئاڵای كوردستانی بەرز كردەوە.
ئەمڕۆ شەموو شەشی كانوونی یەكەم، نامۆ فازڵ پاڵەوانی مشتەكۆڵەی كورد لە رێكخراوی "كاراتی كۆمبات" یارییەكی مێژوویی بەرانبەر گویلهارمێ باستۆسی بەڕازیلی ئەنجام دا و تێیدا سەركەوتنی بەدەست هێنا.
باستۆس سەرەڕای ئەوەی سێ كیلۆ لە كێشی دیاریكراو زیاتر بوو، نامۆ یارییەكەی قبووڵ كرد و بەڵێنی دا بەسەریدا سەر بكەوێت، لە كاتێكدا پێشتر چەندان یاریزان، رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ یاریزانە بەڕازیلییەكەدا رەت كردبووەوە.
نامۆ لە دوای بردنەوەكە زۆر بایەخی بە ركابەرەكەی نەدا و خەریكی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و ئاهەنگگێڕان بوو.
نامۆ فازڵ پاڵەوانی یارییەكانی موای تای و مشتەكۆڵە، لە ئاستی كوردستان و ئەوروپاش ناوبانگی باشی هەیە، لە ماوەی رابردووشدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش لە هەولێر خەڵاتی تایبەتی پێشكەش كرا.