پسپۆڕانی بواری بۆشاییی ئاسمان هۆشدارییەکی مەترسیدار دەدەن و ڕای دەگەیەنن، خولگەی نزمیی زەوی گەیشتووەتە خاڵێکی شلۆق، ئەگەر مانگە دەستکردەکان کۆنتڕۆڵ لەدەست بدەن، تەنیا سێ ڕۆژمان لەبەردەستدایە بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێکی گەورە.
ئەمڕۆ هەینی 19ی کانوونی یەکەم، بەپێی شیکارییە نوێیەکان کە گۆڤاری "New Scientist" بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی مانگە دەستکردەکان و پاشماوەکان لە بۆشاییی ئاسمان بەشێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە. پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر بەهۆی گەردەلوولێکی خۆری یان کێشەیەکی تەکنیکییەوە، مانگە دەستکردەکان توانای جووڵە و مانۆڕیان لەدەست بدەن، ئەوا مرۆڤایەتی کەمتر لە 72 سەعاتی لەبەردەست دەبێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە زنجیرە پێکدادانێکی وێرانکەر بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە، ژمارەی مانگە دەستکردە چالاکەکان لە نزیکەی چوار هەزار مانگ لە ساڵی 2018ەوە، بۆ نزیکەی 14 هەزار مانگ لە ئەمڕۆدا بەرز بووەتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش پڕۆژەی "ستارلینک"ی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس"ـە کە ئێستە خاوەنی زیاتر لە نۆ هەزار مانگی دەستکردە لە خولگەی نزمدا.
توێژەرانی زانکۆی پرینستۆن پێوەرێکی نوێیان بە ناوی "سەعاتی پێکدادان" پەرە پێ داوە و دەڵێن "لە ساڵی 2018دا ئەگەر کۆنتڕۆڵ لەدەست بدرایە، 121 ڕۆژ دەخایاند تا یەکەم پێکدادانی گەورە ڕوو بدات، بەڵام ئەمڕۆ ئەو ماوەیە دابەزیوە بۆ تەنیا 2.8 ڕۆژ (کەمتر لە 72 سەعات)".
پرۆفیسۆر هیو لویس لە زانکۆی بێرمینگهام دەڵێت، ئەمە پرسیارێکی بوونگەرایییە، ئایا دەتوانین بەردەوام بین لەسەر ئەم بیناسازییە شلۆقە؟ چونکە تا ژمارەکە زیاد بکات، مەترسیی داڕمانی خولگەکە لەکاتی یەکەم هەڵەدا زیاتر دەبێت.
سەرەڕای ئەم مەترسییانە، کۆمپانیا گەورەکانی وەک (SpaceX) و (Amazon) و کۆمپانیا چینییەکان، پلانیان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا دەیان هەزار مانگی دەستکردی تر ڕەوانەی ئاسمان بکەن، ئەمەش ترسێکی گەورەی دروست کردووە کە لە داهاتوودا بۆشاییی ئاسمان بەتەواوی پڕ ببێت لە پاشماوە و چیتر بۆ بەکارهێنان دەست نەدات.
بەپێی راپۆرتەكە، پێشتر کە ئاسمان چۆڵ بوو، ئەگەر کۆنتڕۆڵیش نەمانایە، 121 ڕۆژی پێ دەچوو تا دوو دانە خۆیان بە یەکدا بکێشن. بەڵام ئێستە هێندە قەرەباڵغە، تەنیا 72 سەعات (سێ ڕۆژ) دوای لەکارکەوتن، یەکەم پێکدادانی گەورە ڕوو دەدات.
کۆتایییەکە (کارەساتەکە): کاتێک دوو مانگی دەستکرد لێیان دەبێتە شەڕ و بە یەکدا دەکێشن، نابنە دوو پارچە، بەڵکو دەبنە هەزاران پارچەی وردی ئاسن کە بە خێراییی گولـلە لە ئاسماندا دەسوڕێنەوە و ئەم پارچانە دەدەن لە مانگە دەستکردەکانی تر و ئەوانیش دەتەقێنەوە و دیسان ورد دەبن. واتە دەبێتە زنجیرەیەک تەقینەوە.
ئەنجام:
ئاسمان دەبێتە گۆڕەپانێک پڕ لە پارچە ئاسنی خێرا (وەک مینڕێژکردن)، بەمەش:
ئینتەرنێت و GPS و پێوەندییەكان دەبڕێن.
ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ مووشەک و کەشتییەک بنێرێتە دەرەوەی زەوی، چونکە بەر ئەو پارچە ئاسنانە دەکەوێت و دەتەقێتەوە. واتە لەسەر زەوی زیندانی دەبین.