پۆلیسی گانا رای گەیاند كە ئیبۆ نووح ئەو كەسەی بانگەشەی دەكرد كە پەیامبەرە و كەشتی دروست كردووە بۆ رزگاركردنی خەڵك، دوای كۆكردنەوەی پارەیەكی زۆر لەو رێگایەوە لە لایەن پۆلیسەوە گیرا، ئەو لە چەند گرتەیەك بە دەستبەستراوی دەركەوتووە.
پۆلیسی گانا لێكۆڵینەوە لە تۆمەتەكانی ئاراستەی نووح كراون دەكات، ئەو ناوی راستەقینەی ئیڤانز ئیشۆنە، تا ئێستە بەفەرمی ئەو تۆمەتانە ئاشكرا نەكراون كە ئاراستەی كراون و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.
ئیبۆ نووح چەند تۆمەتێكی ئاراستەكراوە لەوانە شێواندنی دۆخی گشتی و بانگەشەی بە درۆی پەیامبەرێتی، جیا لە قۆڵبڕین و ساختەكاری و كۆكردنەوەی پارە بە رێگەی گوماناوی و هەڕەشەكردن بۆ سەر ئاشتی گشتی، لە حاڵەتی سەپاندنی تۆمەتەكان لەسەر نووح، ئەو سزای گرتنی 25 ساڵی بەسەر دەسەپێنرێت، جیا لە پێبژاردنی 3.5 ملیۆن سیدی گانی، دەكاتە 1.25 ملیۆن ریالی سعوودی.
شایەنی باسە ساڵی رابردوو ئیبۆ نووح لەپاڵ پەیامبەرێتی، بانگەشەی ئەوەی كرد كە 25ی دیسێمبەر تۆفان دروست دەبێت و داوای لە خەڵك كرد روو لە چەند ناوچەیەك بكەن بۆ خۆپاراستن لە تۆفانەكە و پارە بدەن، بەشێك لە خەڵكەكە باوەڕیان پێی كرد و بۆ گرتنی شوێن لە كەشتییەكەی تەواوی موڵكوماڵی خۆیان فرۆشت، بەو شێوەیە پەیامبەرە سەختەكە پارەیەكی زۆری كۆ كردەوە.
دوای ئەوە لە تۆمارێكی تری ڤیدیۆیی نووح وادەی هەڵكردنی تۆفانەكە و كۆتاهاتنی دنیای دوا خست، بەوەی خوا هەلی زیاتری بە خەڵك داوە بۆ رزگاربوون و هاتنە ناو پڕۆژەی كەشتییەكەی، رێنوێنی بۆ هاتووە ژمارەی كەشتییەكان زیاد بكات بۆ ئەوەی شوێنی خەڵگی زیاتر ببێتەوە، كە پارەیەكی زۆر زۆری لەو رێگایە بۆ دروستكردنی كەشتی كۆ كردەوە، بەڵام بەم دواییە لە لایەن پۆلیسەوە گیرا.