بەریتانیا هێرش دەکاتە سەر ئیلۆن مەسک: "Grok" وێنەی ژنان و منداڵان ڕووت دەکاتەوە

:: PM:07:44:07/01/2026 ‌
وەزیرێکی بەریتانیا بە توندی هێرش دەکاتە سەر ئیلۆن مەسک و ئەپڵیکەیشنە نوێیەکەی "Grok"، بەهۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی وێنەی دەسکردی ڕووتی ژنان و منداڵان و بە "کاری قێزەون و قبووڵنەکراو" وەسفی دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی کانوونی دووەمی 2026، لیز کێنداڵ وەزیری تەکنەلۆژیای بەریتانیا ڕای گەیاند، سەکۆی "X" (تویتەری پێشوو) پێویستە بەپەلە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بکات و پشتگیریی خۆی بۆ دەستەی ڕێکخستنی پێوەندییەکانی بەریتانیا "Ofcom" دەربڕی بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست.

وەزیرەکە ئاماژەی بەوە داوە، ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی ئەو وێنە سووکایەتیپێکەرانە نادەن کە لە ڕێگەی ژیریی دەسکردی "Grok"ـەوە دروست دەکرێن و جلوبەرگی ژنان و منداڵان بە دیجیتاڵی لادەبەن. ناوبراو دووپاتی کردەوە "بەریتانیا لە ئاست بڵاوبوونەوەی بێ کۆتاییی ئەم مادە قێزەون و ئازاربەخشانە لە ئینتەرنێت بێدەنگ نابێت".

لای خۆیەوە جیسالین کەین، یەکێک لە رزگاربووانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، ڕەخنەی لە حكوومەت گرتووە کە وەڵامدانەوەی لاواز بووە. ئەو بە ڕۆژنامەی "گاردیان"ی ڕاگەیاندووە كە ڕۆبۆتەکە وەڵامی داواکارییەكی داوەتەوە بۆ دەستکاریکردنی وێنەیەکی تەمەن سێ ساڵیم و کردوویەتی بە جلوبەرگی مەلەوان (بیکینی)، لەکاتێکدا بەرنامەکانی تری وەک ChatGPT ڕەتی دەکەنەوە ئەم کارە بکەن.

دەستەی "Ofcom" ئاشکرای کردووە، ئاگەداری مەترسییەکانن و لەگەڵ کۆمپانیای "X" لەسەر هێڵن. دەستەکە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە سزای دارایی بەسەر سەکۆکاندا بسەپێنێت کە دەگاتە 18 ملیۆن پاوەند یان 10%ی داهاتی ساڵانەی جیهانیی کۆمپانیاکە.


وشە - پۆڵا مەحموود