ڕاپۆرتە تەکنیکییەکان هۆشداری دەدەنە بەکارهێنەرانی "Gmail" لە بوونی تایبەتمەندییەکی شاراوە، کە ڕێگە بە کۆمپانیای گووگڵ دەدات دەستی بە ناوەڕۆکی نامەکان بگات و بەکاریان بهێنێت بۆ پەرەپێدانی ژیریی دەسکرد.
ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل" بڵاوی کردەوە، دەیڤ جۆنز ئەندازیاری دیزاینی ئەلیکترۆنی ئاشکرای کردووە، هەژماری سەرجەم بەکارهێنەرانی Gmail بە شێوەی ئۆتۆماتیکی ڕێگەیان پێ دراوە نامە و فایلەکانیان لەلایەن گووگڵەوە پشکەنینی بۆ بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئامانج لەم کارە ڕاهێنان و پەرەپێدانی مۆدێلەکانی ژیریی دەسکردی کۆمپانیاکەیە وەک Gemin)، بەبێ ئەوەی ڕەزامەندیی ڕاشکاو لە بەکارهێنەران وەرگیرابێت. ئەم تایبەتمەندییە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە بە شێوەی شاراوە کارا کراوە.
ئەمە بەو واتایە دێت کە نامە کەسییەکان، نامەی کار، داتای دارایی و تۆماری تەندروستی، ئەگەری خوێندنەوە و بەکارهێنانیان هەیە بەبێ ئاگاداریی خاوەنەکانیان، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی سکاڵای یاسایی دژی گووگڵ.
چۆن ڕای دەگریت؟
بۆ ڕاگرتنی ئەم تایبەتمەندییە، دەبێت بەکارهێنەر بچێتە بەشی ڕێکخستنەکان (Settings) و لە بەشی (Data privacy) بژاردەی (Smart features and personalization) لەکار بخات.
بەڵام ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، کوژاندنەوەی ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕێکخستنی ئیمەیڵەکە و چیتر نامەکان پۆلێن ناکرێن بۆ (سەرەکی، سۆشیال و ئۆفەرەکان)، هەروەها تایبەتمەندیی تەواوکردنی ڕستە و ڕاستکردنەوەی هەڵە نامێنێت.