بەرپرسێکی یەکێتیی ئەوروپا ڕای گەیاند، بە ئاراستەی جێبەجێکردنی یاسای توند هەنگاو دەنێن بۆ پاراستنی منداڵان لە سۆشیال میدیا، چونکە دەرکەوتووە دیزاینی ئەپڵیکەیشنی "تیکتۆک" پێچەوانەی یاساکانی ئەوروپایە و ئالوودەبوون دروست دەکات.
ئەمڕۆ هەینی شەشی شوباتی 2026، هێنا ڤیرکونێن جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕای گەیاند، ئالوودەبوون بە سۆشیال میدیاوە کاریگەریی خراپی لەسەر گەشەی مێشکی منداڵان و هەرزەکاران هەیە، بۆیە دەبێت لە ئەوروپا یاساکانمان جێبەجێ بکەین بۆ پاراستنی منداڵان و هاووڵاتییانمان لە ئینتەرنێت.
بەپێی کۆمیسیۆنەکە، تایبەتمەندییەکانی "دیزاینی ئالوودەکەەر" بریتین لە گەڕانی بێ کۆتا (Scroll)، کارکردنی خۆکار (Auto-play)، ئاگادارکردنەوەکان (Notifications) و سیستمی پێشنیاری کەسی.
ئەم هەڵوێستە دوای گوشارەکانی پێشوو دێت بۆ سەر کۆمپانیای خاوەنی تیکتۆک. لە بەرانبەردا تیکتۆک ڕای گەیاندووە لە هەفتەکانی داهاتوودا تەکنەلۆجیای نوێ بۆ دیاریکردنی تەمەن لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەکار دەهێنێت.
هەروەها پلاتفۆرمەکە بڕیاری داوە ڕێکاری نوێ بگرێتە بەر، لەوانە، قەدەغەکردنی نامەی راستەوخۆ بۆ ئەوانەی تەمەنیان لەژێر 16 ساڵە، دیاریکردنی کاتی بەکارهێنان بۆ ئەوانەی لەژێر 18 ساڵن بە 60 خولەک لە ڕۆژێکدا، هەروەها ناردنی ئاگادارکردنەوە لە کاتی خەوتندا دەوەستێنێت.