بەگوێرەی بەڵگەی ڤیدیۆیی دزەپێكراوی سوپای ئەمەریكا، تەنی نامۆ و دەفری فڕیو كەوتوونەتە ناو ڕاداری فڕۆكەی جەنگی هێزەكانی ئەمەریكا لەوكاتەی لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سووڕاونەتەوە، ئەمەیش لێكدانەوە و كاردانەوەی جیاجیای دروست كردووە لە میدیاكاندا.
میدیاكان ڤیدیۆیی ڕاداری فڕۆكەی "ڕیپێیر"ی سەربە هێزەكانی ئاسمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایان بڵاو كردووەتەوە، ڤیدیۆكان دزەیان پێكراوە و بڵاوكراونەتەوە، تێیدا تەنێكی نامۆ هاوشێوەی دەفری فڕیو لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت، لەوكاتەی فڕۆكە ئەمەریكییەكە مانۆری سەربازی بە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات.
ئەو گرتە
ڤیدیۆیە لە ساڵی 2012 تۆمار كراوە و ئێستە دزەی پێكراوە و كەوتووەتە دەستی جۆرج ناپ و جێرمی كۆربیل دوو ڕۆژنامەوانی ئەمەریكی، كە بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرك پۆستی ئەمەریكی كار دەكەن، وەزارەتی بەرگری و كۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمەریكا ئەو دیاردەیەیان بە دەركەوتنی ناوازی بێسنوور تۆمار كردووە، ئەمەیش چەمكێكی نوێیە كە بۆ دەفرە فڕیوەكان بەكار دەهێنرێت.
لەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاو كراوەتەوە، سێ ڕووناكی هاوشێوەی سێ تۆپ بەشێوەی سێگۆشە لەگەڵ یەكتر كۆ بوونەتەوە، بەسەر ئاسمانی ئاوەكانی كەنداو دەفڕن و مێژووەكەیشی بۆ 23ی ئاب/ئۆگستسی 2012 دەگەڕێتەوە. تەنەكان گۆڕانكاریی لە ناكاو و زۆر تیژ بە ئاراستەی جیاجیا دەكەن كە لە توانای فڕۆكەی دروستكراوی دەستی مرۆڤ نییە، بەو گۆشە تەنگ و تیژانە جووڵە بكات.
ئەوەی شۆكهێنەرە، فڕۆكە ئەمەریكییەكە ڕادارەكەی تیشكی سەروو وەنەوەشیی بەكار دەهێنێت و كارلێكی گەرمی و پەنجەمۆرێكی بەسەرەوە نییە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە هەموو بزوێنەرەكانی فڕۆكە لەو پشكنینە شوێنەواریان دەردەكەوێت.
لە ڤیدیۆیەكی تردا كە ڕێككەوتەكەی بۆ ساڵی 2021 لە ئاسمانی سنووری نێوان سووریا و ئوردن دەگەڕێتەوە و لەلایەن هەمان فڕۆكە تۆمار كراوە، تەنێكی تری بازنەیی دەردەكەوێت و هیچ جۆرە گەرمییەكی تێدا نەبووە، كە ڕادارەكان بەگوێرەی پلەی گەرمی پێوانەی بوونی مرۆڤ لەسەر فڕۆكەكانی بەرانبەریان دەكەن، هەرچەندە فڕۆكەكە هەوڵی دایەوە بیخاتە ناو سێرەی ئامانجەكەی بۆ ماوەیەكی كەم، بەڵام تەنەكە ئەمەی شكاندووە پێش ئەوەی بە تەواوی بزر ببێت.