ئەو كرێكارانەی كاریان لە نۆژەنكردنەوەی كۆشكێكی كۆنی مۆسكۆ دەكرد، خشڵێكی زۆر گرانبەهایان دۆزیوەتەوە كە خۆی لە 20 هەزار دراوی زیوینی شوێنەواری دەبینێتەوە. وەزارەتی رۆشنبیریی رووسیایش دۆزینەوەكەی بە سەروەتێكی گەورەی بۆ وڵاتەكەی ناو برد.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە هەواڵەكەی لە ئاژانسی هەواڵیی
"واع"ی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئەو كرێكارانەی كاریان لە كۆشكێكی كۆنی مۆسكۆ لە كۆرنیش بیرسنیڤسكایا لە ناوەندی مۆسكۆدا دەكرد، لەناو گۆزەیەكی شووشەییدا بڕی 20 هەزار دراوی زیوینیی شوێنەوارییان دۆزیوەتەوە. وەزارەتی رۆشنبیریی رووسیایش دەڵێت ئەو دراوانە، لە ژووری ئەفیركی كێریلۆڤ كە بازرگانێكی گەورەی سەدەی 17 بووە دۆزراونەتەوە، بێگومان بەهایەكی زۆر گەورەیان هەیە.
ئۆڵگا لیۆبیمۆڤا وەزیری رۆشنبیریی رووسیا لە كەناڵی "تیلیگرام" لەوبارەیەوە گوتی، ئەو خشڵە زۆر بەبەهایە، بە یەكێك لە دۆزینەوە زۆر گرنگەكان لەڕووی شوێنەوارییەوە هەژمار دەكرێت.
ئاماژە دراوە بەوەی ئەفیركی كێریلۆڤ كە خشڵەكە لەناو دیواری ژوورەكەی ئەو دۆزراوەتەوە، بازرگانێكی گەورەی بواری خوێ بووە لە سەدەی حەڤدەدا، ئەو كۆشكە گەورەیەی لە نیوەی هەمان سەدەدا دروست كردووە. بەپێی پسپۆرانی بواری شوێنەواری، ئەو دراوانەیش بۆ سەدەی شانزە و حەڤدەدا دەگەڕێنەوە.
زیاتر روون كراوەتەوە، ئەو كاتەی ئەو دراوانە شاراونەتەوە، دۆخی سیاسیی رووسیا زۆر شپرزە بووە و كێشەی قووڵی سیاسی لەو وڵاتەدا هەبووە، دراوی زیویش ئەو سەردەمە تەنیا بۆ خەرجكردن نەبووە، بەڵكو زۆر لە سەرمایەدارەكان وەك دراوێكی بە بەها كۆیان كردووەتەوە، چونكە ئەوكات بڕوایان بە دەسەڵاتی وڵاتەكەیان نەبووە.
دواتریش وەزارەتی رۆشنبیریی رووسیا دووپاتی كردووەتەوە، لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زیاتر و وردتر لەسەر خشڵەكە دەكەن، هاوكات بۆ كاری زانستی دەیپارێزن و وەك موڵكی دەوڵەت هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكەن.