بینینی مانگ سەرەتا و دەست پێكی مانگە عەرەبییەكان دیاری دەكات، بۆ موسڵمان مانگی رەمەزان پیرۆزییەكی جیاوازی لەگەڵ مانگەكانی تردا هەیە و ئەو عیبادەتەی دەیكەن، خێر و پاداشتی زیاتری تیادایە، كۆتایەكەشی بە جەژن دێت، ئەگەرچی دەست پێكردنی مانگی رەمەزان پشت بە بینینی هیلالی ئەو مانگە دەبەستێت، لە ئێستەوە ناوەندە فەلەكناسییەكان پێشبینیی خۆیان ئاشكرا كردووە.
رێكخراوی
"ئافاق" بۆ زانستی گەردوونناسیی سعوودی پێشبینی دەكات كە چوارشەمی داهاتوو 18ی ئەم مانگە، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت، چونكە لە ئێوارەی سێشەم هاوكات لەگەڵ دروستبوونی خۆرگیران لە چەند بەشێكی باشووری گۆی زەوی لەو رۆژە، هیلال دەبینرێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە پێشبینی دەكرێت چوارشەمی داهاتوو 18ی شوبات، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانی 2016 بێت بە حیساباتی گەردوونناسییەوە.
لەوكاتەی بڕیارە راگەیاندنی فەرمیی بینینی هیلال و دەست پێكردنی مانگی رەمەزان لە لایەن دادگای باڵای سعوودیە بێت، پێشتر هەریەك لە عومان و توركیا و سەنگاپوور رایان گەیاند كە پێنجشەمی داهاتوو 19ی شوبات یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە، ئەوە لەوكاتەی بەپێی دەقە ئاینییەكان بینینی مانگ تاكە پێوەرە بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان و كۆتاهاتنیشی.
لەو ناوەدان ناوەندێكی تری گەردوونناسی شیعە سەر بە نووسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف، پێشبینی دەكات هیلالی مانگی رەمەزان شەوی چوارشەم بێت، واتە پێنجشەمی داهاتوو یەكەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزانە لای شیعەی عێراق.