ئەمڕۆ مسوڵمان و ئێزیدی و مەسیحییەكان پێكەوە بە ڕۆژوون

:: AM:10:49:19/02/2026 ‌
ئەمڕۆ لە یەك كاتدا مسوڵمانەكان و ئێزیدی و مەسیحییەكان بە رۆژوون، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مانگی ڕەمەزانی ئیسلام و جەژنی خدر ئیلیاسی ئێزیدی و ڕۆژووی مەزنی كریستیانەكان كەوتنەوە یەك ڕۆژەوە.

هەموو ساڵێك لە 19ـی شوباتدا، ئێزیدییەكان ڕۆژووی جەژنی خدر ئیلیاس و كریستیانەكان (مەسیحییەكان) ڕۆژووی گەورە دەگرن، بە هۆی ساڵنامەی كۆچییەوە كە ساڵانە گۆڕانی بەسەردا دێت و رەمەزان دێتە پێشەوە، ئەمساڵ رۆژووی هەرسێ ئاینەكە پێكەوەن.

ئێزیدییەكان جەژنی خدر ئیلیاس كە هەموو ساڵێك لە 19ـی شوبات یادی دەكرێتەوە، بە ڕۆژووگرتن و نزاكردن پیرۆزی دەكەن، ئەم جەژنە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە هەمان ڕۆژدا كریستیانەكان ڕۆژووی مەزن دەست پێ دەكەن كە بە پاككردنەوەی گەورەی لەش ناسراوە و ماوەی 40 ڕۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا زۆر لە باوەڕداران خۆیان لە هەندێك خواردن بەدوور دەگرن.
لەمانگی رەمەزانیشدا مسوڵمانەكان بۆ ماوەی یەك مانگ رۆژانە تا بانگی مەغریب هیچ خواردن و خواردنەوەیەك ناخۆن.





وشە - سۆران عەزیز