چین پەرەی بە نەوەیەكی نوێی چەكی ئەتۆم داوە

:: AM:09:49:23/02/2026 ‌
دەزگەی هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریكا گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی كە كۆماری چینی میلی، ئێستە خەریكی گەشەپێدان و پەرەپێدانی نەوەیەكی نوێی چەكی ئەتۆمی پێشكەوتووە، لەو ساڵانەی دواییش تاقیكردنەوەیەكی چەكی ئەتۆمی لەلایەن چینەوە ئەنجام دراوە بێ ئەوەی هیچ كەس هەستی پێ بكات. 

سەرچاوە ئاگادارەكان لە هەواڵگریی ئەمەریكاوە بۆ سی ئێن ئێنی ئەمەریكی گوتوویانە، چین لە هەوڵی ئەوەدایە چەكە ئەتۆمییەكانی زۆر پێشكەوتوو بكات كە لە دنیا هاوشێوەی نەبێت، هەروەها وەبەرهێنانی گەورە لەو سێكتەرە دەكات، ئەمەیش وایكردووە تواناكانی نزیك ببنەوە لە توانای ئەتۆمی رووسیا و ئەمەریكا. بەتایبەت كە لە ڕووی تەكنەلۆجیا توانایەكی بێشوماری هەیە كە ئەمەریكا و ڕووسیا خاوەنی نین. 

لەلایەكی ترەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕای گەیاند، حكوومەتی چین لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆی 2020 لە وێستگەی لبی باكوری ڕۆژئاوای وڵات، تاقیكردنەوەیەكی ئەتۆمی ئەنجام داوە.  

پسپۆران و شارەزایان و بەرپرسانی ئەمەریكایش هۆكاری ئەو تاقیكردنەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، چین چەكە ئەتۆمییەكانی پێشخستووە و لە كڵاوەی ئەتۆمی مووشەكەوە بۆ سیستمی چەكی گشتی كە لە یەك مووشەكدا خاوەنی كۆمەڵێك كڵاوەی ئەتۆمی بێت. 

لە ساڵی 1964دا چین یەكەم كڵاوەی ئەتۆمی بەرهەم هێنا، بەڵام ژمارەی كڵاوە ئەتۆمییەكانی بە بەراورد بە هی ئەمەریكا و ڕووسیا زۆر نین، بۆیە لە هەوڵدایە چەكی ئەتۆمی زۆر و پێش بخات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د