كۆمپانیای گووگڵ نوێكارییەكی بۆ وێبگەڕی بەناوبانگی كرۆم ڕاگەیاند، كۆمەڵێك تایبەتمەندیی ناساند كە لەمێژە چاوەڕوان دەكران و بۆ باشتركردنی بەرهەمهێنان و ئەزموونی بەكارهێنەر دانراون.
دیارترین تایبەتمەندی لە نوێكردنەوەكەدا بریتییە لە بینینی شاشەی دابەشكراو، كە ڕێگە بە بەكارهێنەران دەدات دوو لاپەڕە یان تاب لە یەك پەنجەرەدا بە لایەكدا ببینن.
ئەم
تایبەتمەندییە یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی پێویستی گۆڕینی نێوان تابە جیاوازەكان، ئەمەش وا دەكات كاركردن لەسەر چەند لاپەڕەیەك لە یەك كاتدا ئاسانتر بێت، وەك سەیركردنی ڤیدیۆیەك لەكاتی تێبینیكردن یان بەراوردكردنی ناوەڕۆكی دوو ماڵپەڕ.
دەتوانرێت دیمەنی شاشەی دابەشكراو بە كلیكی ڕاست لەسەر تابێك و هەڵبژاردنی "بەستەری بكەرەوە لە دیمەنی دابەشكراودا" چالاك بكرێت، یان بە بەكارهێنانی ئایكۆنێكی تایبەت لە ئامرازەكانی وێبگەڕ كە لە تەنیشت ناونیشان دەردەكەوێت.
هەروەها نوێكردنەوەكە ڕێگە بە بەكارهێنەران دەدات كە پانایی هەر بەشێكی شاشەكە ڕێكبخەن بە ڕاكێشانی دابەشكەرەكە لە نێوانیاندا.
هەروەها كرۆم ئامرازی نوێی زیاد كردووە، بۆ كاركردن لەگەڵ فایلەكانی PDF ڕاستەوخۆ لەناو وێبگەڕەكەدا.
پێشتر بەكارهێنەران دەبوو فایلەكانی PDF دابەزێنن و دواتر لە بەرنامە دەرەكییەكان بیكەنەوە بۆ دەستكاریكردن یان واژووكردنیان، ئێستە دەتوانن دەقەكان تیشك بخەنە سەر، تێبینی زیاد بكەن، یان تەنانەت بەڵگەنامەكان واژوو بكەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە نەرمەكاڵای زیادە هەبێت.
یەكێكی تر لە تایبەتمەندییە كردارییەكانی ئەم نوێكارییە بریتییە لە "Save to Google Drive" كە ڕێگە بە بەكارهێنەران دەدات فایلەكانی PDF ڕاستەوخۆ لە گووگڵ درایڤدا هەڵبگرن، بەبێ ئەوەی پێویست بكات دایبەزێنن بۆ ئامێرەكەیان و دواتر بە دەستی باریان بكەن.
ئایكۆنی Drive لە توولبارەكەی Chrome PDF دەردەكەوێت، ئەمەش ڕێگە بە بەكارهێنەران دەدات ئەو ئەكاونت و فۆڵدەرە هەڵبژێرن كە دەیانەوێت فایلەكە تێیدا هەڵبگرن.
ئەم زیادكردنانە خواستی گووگڵ نیشان دەدەن بۆ پاراستنی پێشەنگی وێبگەڕەكەی بە تێكەڵكردنی ئامرازە بەسوودەكان لەناو ژینگەی كاركردنی وێبگەڕەكەی خۆیدا، نەك پشت بە بەرنامە دەرەكییەكان ببەستێت.