بەهۆی زیادبوونی ئەگەری شەڕ باسی پیتزا گەرم بووە

:: PM:05:07:23/02/2026 ‌

چاوی دنیا لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداوە، وەك چاوەڕوانكردنی فیلمێكی ئەكشنی لێ هاتووە، ئەمەریكا هێزێكی زۆری سەربازی كۆ كردووەتەوە و ئێرانیش باسی سوپرایز دەكات، پێنجشەم گەڕێكی تری دانوستانی هەردوولا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بەڕێوە دەچێت، لەو ناوەدا جارێكی باسی پتیزا گەرم دەبێت.

چاودێران بۆ دۆخەكە وای دەبینن كە رەنگە یەكەم ئاماژە بۆ نزیكبوونەوەی هێرشێكی سەربازیی ئەمەریكی بۆ سەر ئێران بەیاننامە فەرمییەكانی پنتاگۆن نەبێت، بەڵكو زیادبوونی داواكارییە لەسەر پیتزا، كاتێك لە سیاسەتی ئەمەریكا زیادبوونی داواكاری لەسەر فاست فوود، بەتایبەتی پیتزا و گەیاندنی بۆ فەرمانگە حكوومەتییەكان لە كاتێكی درەنگی شەوانە ئاماژەیەك بووە بۆ نزیكبوونەوەی رووداوی گەورە.  

پێشتر زیادبوونی داواكاری لەسەر پیتزا ئاماژەیەك بوو بۆ نزیكبوونەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەمەریكی، بەتایبەتی كاتێك پیتزاكە بۆ كۆشكی سپی یان تەلاری پنتاگۆن بچێت و فەرمانبەرانیان تا كاتێكی درەنگ بمێننەوە و ناتوانن بۆ ژەمی ئێوارە بچنە دەرەوە، ئەو بیردۆزەش بۆ ساڵانی هەشتاكان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی 1983 لەكاتی هێرشی سەربازی ئەمەریكا بۆ سەر گرینادا لە دەریایی كاریبی و 1089 بەر لە هێرشی پەنەما و گرتنی مانویڵ نۆرینگای سەرۆكەكەی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل