لۆگۆی نازییه‌كان له‌ باره‌گه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌

:: AM:08:54:24/02/2026 ‌

كێشانی وێنەی خاچێكی هەڵگەڕاوەی هاوشێوه‌ی لۆگۆی نازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا لە ناوەندێكی مەشقی سەربە هێزی دەریایی ئەمەریكا لە نیوجێرسی، نیگەرانیی لە ناو بارەگاكەی لێ كەوتووەتەوە و دەسەڵاتدارانیش داوە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە. 

وێنەكە لە ناوەندی سەرەكی وەرگرتنی سەربازان لە بارەگەیەكی هێزی دەریایی ئەمەریكا بووەتە جێگەی نیگەرانی، چونكە ئەمجۆرە خاچە هەڵگەڕاوەیە، هێما و نیشانەی تووڕەیی و نەفرەتییە كە كەسێك لە سوپا هەیەتی و كردوویەتی، بۆیە بەرپرسانی بارەگاكە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە. 

گوتەبێژی پاسەوانی كەناراوەكان لە نیوجێرسی لە ڕاگەیەنراوێكدا گوتی، دوای دۆزینەوەی هێمای نەفرەتی و تووڕەیی كە لەسەر دیواری حەمامێك لە بنكەی مەشقی كیپ مای كێشرابوو، ڕاستەوخۆ پرسەكە بە فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی بارەگاكە كرا، ئەم سیاسەتە لە سەردەمانێكی زووەوە پێڕەو دەكرێ و پێویستە هێمای نەفرەتی و تووڕەییەكە دەستبەجێ لاببرێت. 

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری مەشقپێكەرێكی هێزی كەناراوەكان سەرەتا ئەو زانیارییانەی بڵاو كردەوە، كە خاچێكی وەرگەڕاو لەسەر دیواری حەمامی پیاوان لە ناوەندی مەشقی كیپ مای لە باشووری نیوجێرسی كێشرابوو. 

بڵاوكردنەوەی نەفرەتی و تووڕەیی و بیری توندڕۆیی بە هەموو شێوەیەك لە ناو سوپا و هێزەكانی ئەمەریكا قەدەغەیە، بۆیە بینینی هەر سیمبۆل و هێمایەك كە ئاماژە بێ بۆ توندڕۆیی و دەمارگیری، دەستبەجێ لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت، بەوهۆیەوە كیڤن لۆندای فەرماندەی بارەگاكە سەرجەم سەربازە نوێكانی كۆ كردەوە كە ژمارەیان 900 كەس بوو، كۆی كردوونەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون كە هەر كەسێك بیری توندڕۆیی و دەمارگیری لە هزری هەیە با ڕاستەوخۆ ئێرە جێبهێڵێ و بڕوات.



وشە - باز ئه‌حمه‌د