توێژینەوەیەكی نوێی زانستی، زیانەكانی زۆر وەرزشكردنی خستووەتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەكات، زێدەڕۆییكردن لە وەرزش، زیانەكانی مەترسیدارن و دەبێتە هۆی تووشبوون بە دیاردەی لەناوبردنی خڕۆكەسوورەكان لە خوێندا.
ئەو
توێژینەوەیه دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئەوانەی كە وەرزشی ڕاكردن بۆ ماوەیەكی درێژ و زیاتر لە 40 كیلۆمەتر دەكەن، ئاماژەی یەكجار زۆری لەناوچوونی خانەی خڕۆكەسوورەكانی خوێنیان لێ دەركەوتووە، ئەمەیش كاریگەریی لەسەر گەیاندنی خۆراك و ئۆكسجین بە خانە جیاجیاكانی جەستەی مرۆڤ دروست دەكات، واتە خۆراك و ئۆكسجینی پێویستیان پێ ناگات.
خانەی خڕۆكەسوورەكانی خوێن بەرپرسن لە گەیاندنی ئۆكسجین و پێكهاتە خۆراكییەكان بە خانەكانی تەواوی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، هاوكات لە پاشماوەی كارلێكە فسیۆلۆجییە جیاوازەكان پاكیان دەكەنەوە و ئازادیان دەكەن.
بۆ هەستان بەو ئەركەیش خڕۆكەسوورەكان پێویستیان بەوەیە كە نەرم و ئاسایی بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە ناو مولوولەكانی وردی خوێن هاتوچۆ بكەن. توێژینەوەكە لە زانكۆی كۆلۆرادۆی ئەمەریكا، نموونەی خوێنی لە 23 وەرزشوان بەر لەوەی بەشداریی لە كێبەركێیەكی 40 كیلۆمەتری و دوای تەواوبوونی كێبەركێكە وەرگرتووە و لێكۆڵینەوەی لەسەر كردووە.
لە ئەنجامی شیكردنەوە و لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە، خانەی خڕۆكەی سوور و چەوری و پرۆتین و پلازما لە خوێنی دوای تەواوبوونی كێبەركێكە كەمی كردووە، ئەمەیش زیانی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی جەستە دەبێت.