مانگ خوێناوی دەبێت

:: AM:09:34:25/02/2026 ‌
پێشبینی دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا دەركەوتنی یەكەم دیاردەی مانگی سوور روو بدات، تا ساڵی 2029 جارێكی تر روو ناداتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی شوبات، رێبوار خۆشناو فەلەكناس و مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا یەكەم دیاردەی مانگی سوور لە ئەمساڵَ روو دەدات.

زیاتر گوتی، لە كاتی روودانی دیاردەی مانگی سوور، مانگ بە ڕەنگێكی سووری تاریك دەردەكەوێت، چونكە دەكەوێتە بەر سێبەری زەوی، دیاردەكە مانگی خوێناویشی پێ دەڵێن، بۆ ئەمجارە بە دروستی لە رۆژی سێی مانگی داهاتوو روو دەدات.

باسی لەوەش كرد، لە كاتی روودانی دیاردەی مانگی سوور، خەڵك بەشێوەی ئاسایی و بەبێ چاویلكە و ئامێر دەتوانن سەیری مانگ بكەن، بە پێچەوانەی دیاردەی خۆرگیران.

روونی كردەوە (ناسا) زانیاریی بڵاو كردووەتەوە كە دیاردەی مانگی سوور چەند سەعاتێك دەخایەنێت، بەڵام دەركەوتنی مانگی سوور بە تەواوەتی 59 خولەك دەخایەنێت، بۆیە خەڵك دەتوانن ئەم دیمەنە سەرنجڕاكیشە لە دەست خۆیان نەدەن.


وشە - رامیار جەواد