هەوكردنی گەروو یان لەوزەتین لە لیمفەگرێكانی هەردوولای گەروو كە بەشێكی سەرەكی كۆئەندامی بەرگریی جەستەی مرۆڤن، یەكێكە لە دیاردە باوەكان، ئەو هەوكردنە جەستەی مرۆڤ لە بەكتریا و ڤایرۆسەكان دەپارێزێت و لە ناو خۆی كۆیان دەكاتەوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی هەوكردن و ئاوسان و ئێشانی گەروو، ئەم دیاردەیە بەتایبەتی لە منداڵان زۆر باوە، بەڵام بەهەمانشێوە گەورەكانیش تووشی دەبن.
نیشانەكانی هەوكردنی لەوزەتین بریتییە لە قورسبوونی توانای قووتدان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و دروستبوونی گرێ لە لیمفە گرێكانی مل، سەرئێشە، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، ناخۆشیی بۆنی دەم. هۆی هەوكردنیشی بۆ ڤایرۆس و بەكتریا زیانبەخشەكان دەگەڕێتەوە، بەتایبەت ڤایرۆسی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا و هەڵامەتی وەرزی، لە هەندێ حاڵەتدا بوونی بەكتریا هێشوویی بەهەمانشێوە لە گەروو گیر دەبێ و سیستمی بەرگری ڕێ نادات بچێتە ناو جەستەوە، بۆیە لە گەروو كۆ دەبێتەوە و هەوكردن و ئاوسانی گەروو دروست دەكات.
بۆ دووركەوتنەوە لە تووشبوون بە هەوكردنی
گەروو، پێویستە لەو كەسانە دوور بكەوینەوە كە هەست دەكەین پەتای وەرزییان هەیە، دەستەكانمان بە بەردەوامی بشۆین و كەلوپەلی خواردن و خواردنەوە لەگەڵ كەسانی تووشبوو بە هەوكردنی گەروو نەگۆڕینەوە.
چارەسەركردنی ئەم گرفتەیش زۆر قورس نییە، بگرە زۆرینەی ڕەهای ئەوانەی تووشی ئەم گرفتە دەبن، لە ماڵەوە بێ هیچ چارەسەرێك دوای كەمتر لە هەفتەیەك چاك دەبنەوە. بەڵام پێویستە پشوو بدەن و ڕێژەیەكی زۆری شلەمەنییەكان و ئاو بخۆنەوە بۆ دووركەوتنەوە لە وشكبوون، هاوكات غەڕغەڕە بە ئاوی گەرم و خوێ لە گەروو بكەن، بۆ كەمكردنەوەی هەوكردن، خۆراكی سارد بخۆن تا هەوكردن هێور بكاتەوە.