بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، هەواڵی ئەوەی راگەیاند كە دۆخی كەشوهەوا گۆڕانیی بەسەردا دێت و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و باران لە ناوچە شاخاوییەكاندا دەبارێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوی كەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەكان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، هەروەها پلەكانی گەرما كەمێك نزم دەبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرما ٢٢ پلە دەبێت لە گەرمیان.
وەك باس لەوە كراوە كە سبەی پێنجشەم ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت بە گشتی، كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەكی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری ئیدارەی سۆران و سەرجەمی ناوچە جیاجیاكانی سنووری پارێزگای دهۆك، ئیدارەی زاخۆ باران لەم ناوچانەدا بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند دەبێت، هاوكات بەفرێكی كەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دەبارێت .