پێشبینی دەكرێ ئەمڕۆ دەركەوتنی یەكەم دیاردەی مانگی سوور روو بدات، تا ساڵی 2029 جارێكی تر روو ناداتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم سێی ئادار، رێبوار خۆشناو فەلەكناس و مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە چەند سەعاتی داهاتوودا یەكەم دیاردەی مانگی سوور لە ئەمساڵدا روو دەدات.
زیاتر گوتی، لە كاتی روودانی دیاردەی مانگی سوور، مانگ بە ڕەنگێكی سووری تاریك دەردەكەوێت، چونكە دەكەوێتە بەر سێبەری زەوی، دیاردەكە مانگی خوێناویشی پێ دەڵێن، بۆ ئەمجارە بە دروستی لە رۆژی سێی مانگی داهاتوو روو دەدات.
باسی لەوەش كرد، لە كاتی روودانی دیاردەی مانگی سوور، خەڵك بەشێوەی ئاسایی و بەبێ چاویلكە و ئامێر دەتوانن سەیری مانگ بكەن، بە پێچەوانەی دیاردەی خۆرگیران.
روونی كردەوە (ناسا) زانیاریی بڵاو كردووەتەوە، دیاردەی مانگی سوور چەند سەعاتێك دەخایەنێت، بەڵام دەركەوتنی مانگی سوور بە تەواوەتی 59 خولەك دەخایەنێت، بۆیە خەڵك دەتوانن ئەم دیمەنە سەرنجڕاكیشە لە دەست خۆیان نەدەن.