فێربوونی موزیك.. زاخاوی مێشك و گەشەپێدانی سەرنج و بیرەوەری

:: PM:05:14:22/03/2026 ‌

ژەنینی ئامێرە موزیكییەكان تەنیا بۆ وەرگرتنی چێژ نییە، بەڵكو راهێنانێكی رژدە بۆ مێشك و سەرنجی مرۆڤ، ئەوەیش مێشك ها‌وئاهەنگی لەگەڵ دەنگ و بینین و وردە جووڵەكانی سەرنج و خەیاڵی مرۆڤ لە یەك كاتدا دەكات، دواتریش دەبێتە راهێنانی مێشك بەشێوەیەكی گشتی. پسپۆرانی بواری دەروونی لە راپۆرتێكدا بە وردی باسی دەكەن.

پێگەی "ئیلاف" كە راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و "وشە" كورتەیەكی لێ بڵاو دەكاتەوە، تێیدا پسپۆرانی بواری دەروونی سەرنجیان خستووەتە سەر هەندێك توێژینەوە كە پێشتر بڵاو بوونەتەوە و سەرجەمیان لەبارەی فێربوونی ئامێرە موزیكییەكانن و پێوەندییان بە مێشكی مرۆڤەوە هەیە، بەتایبەتی بۆ باشتربوونی سەرنج و بیرەوەری.

توێژینەوەیەك لە ساڵی 2020دا ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوە دەدات كە ژەنینی ئامێرە موزیكییەكان، كاریگەرییەكان لەسەر ئەو ئەركانە هەیە كە مرۆڤ جێبەجێیان دەكات، زۆر بە وردی پسپۆران دەڵێن ئەو ژەنینە، "بە پلانە و چارەسەری كێشەكانی مرۆڤ دەكات". لە شیكردنەوەیەكی ساڵی 2017یشدا بەوە گەیشتوون كە ژەنین بیرەوەریی ژەنیاران بەهێزتر دەكات و كەمتریش هەست بە ئازارەكان دەكەن.

ئەوان سەرنجیان خستووەتە سەر منداڵان ئەگەر لە كەمتر لە حەوت ساڵییەوە خولیایان بچێتە سەر موزیك و هەوڵدان بۆ فێربوونی هەر ئامێرێك، بۆیە بۆ منداڵان و راهێنانیان لەسەر ئامێرێكی موزیك، كاریگەرییەكی زۆر ئەرێنیی لەسەر مێشكیان دەبێت و سەرنجیان زۆر بەهێزتر دەكات، كاتێكیش گەورە دەبن، كاریگەرییەكی لە داهێنانەكانیان زیاتر دەردەكەوێت، بەتایبەتی منداڵ لەو تەمەنەوە زیاتر دەتوانێ بەهرەكانی گەشە پێ بدات وەك فێربوونی زمانی زیاتر، هەموو ئەوانە وا دەكەن لە دوورمەودادا لە نەخۆشییەكانی لە بیرچوونەوە "زەهایمەر" دوور بكەونەوە.

پسپۆرانی دەروونی ئاماژە بە سوودی ژەنینی جۆری ئامێرەكانیش دەدەن، بەتایبەتی ئامێری پیانۆ و ئامێرە مسییەكان، زیاتر سەرنجی مرۆڤ بەهێزتر دەكەن، ئامێرە دارییەكان بیرەوەرییەكان بەهێزتر دەكەن، ئەوانەی ئەدای گۆرانییەكانیش دەكەن "گۆرانیبێژ" ئەدایان لە قسەكردنیش بەهێزتر دەبێت، زۆریش هەن توانای ژەنینی زۆربەی ئامێرەكانیان هەیە، ئەوان بەشێوەیەكی گشتی لە رووی سەرنج و بیرەوەری بەهێزتر دەبن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د