لە شاری زیورخی سویسرا، گۆشتفرۆشێكی مسوڵمان كە لە تابلۆكەی دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە گۆشتی حەڵاڵ دەفرۆشێت، بەڵام دواجار دەركەوتووە كە ماوەی سێ ساڵە زیاتر لە سێ تۆن و 100 كیلۆگرام، گۆشتی بەرازی بە ناوی گۆشتی حەڵاڵ بە مسوڵمانانی ئەو وڵاتە فرۆشتووەتەوە.
خاوەنی ئەو گۆشتفرۆشە كە خۆیشی مسوڵمان بووە، گۆشتی بەرازی بە ناوی گۆشتی گوێرەكە بە مسوڵمانان فرۆشتووەتەوە.
لە ئەوروپا ئێستە بووە بە دیاردەیەكی باو، فرۆشگەی مسوڵمانان و لە ماركێتە گەورەكانیش بەشێك بۆ كەلوپەلی حەڵاڵ بوونی هەیە، تەنیا ئەو كاڵایانە دەفرۆشرێن كە حەڵاڵن و گۆشتی بەراز یان هیچ شتێكی بەراز و خواردنەوە كهوولییەكان لە پێكهاتەكانیاندا بوونی نییە.
دوای ئەوەی لیژنەیەكی كۆنترۆڵی كەلوپەلی خواردەمەنی سەردانی ئەو
گۆشتفرۆشە دەكەن، یەكێك لە لێكۆڵەران ڕاستەوخۆ هەست بەوە دەكات ئەو گۆشتەی كە دانراوە هاوشێوەی گۆشتی گوێرەكە نییە و وا دەرناكەوێت، دواتر كۆنترۆڵی تەواوەتی دەكەن و دەردەكەوێ ئەو پیاوە گۆشتی بەرازی بە گۆشتی گوێرەكە بە خەڵك فرۆشتووە.
لەلایەن دادگای شاری زیورخەوە ئەو گۆشتفرۆشە بە شەش مانگ گرتن و سزای دارایی بە بڕی 18 هەزار فرانكی سویسری بەسەردا سەپێنرا، بەگوێرەی خەمڵاندنەكان ئەو گۆشتفرۆشە توانیویەتی قازانجی یەكجار زۆر لە ڕێگەی ئەم كارەی بكات، چونكە نرخی گۆشتی گوێرەكە لە ئەوروپا گران و بەراز زۆر هەرزانە، بۆیە ئەو گۆشتی بەرازی بە هەرزان كڕیوە و بە نرخی گرانی گۆشتی گوێرەكە فرۆشتوویەتییەوە.
ئەمە جیا لەوەی فێڵی لە حكوومەت كردووە كە خۆی مسوڵمانە و ڕێوشوێن و ئەركە ئاینییەكەیشی پێشێل كردووە، تەنیا بۆ دەسكەوتنی قازانجی زیاتر.