پلانێت لابز بڵاوكردنەوەی وێنەی مانگی دەستكردی لە ئاسمانی ئێران ڕاگرت

:: AM:11:40:05/04/2026 ‌
كۆمپانیای پلانێت لابز بۆ وێنەگرتن لە ڕێگەی مانگی دەستكردەوە ئاشكرای كرد، خزمەتگوزاریی گرتنی وێنە و ڤیدیۆی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ڕێگەی مانگی دەستكردەوە ڕاگرت، ئەمەیش وەك وەڵامدانەوەی داوایەكی حكوومەتی واشنتنە كە داوای ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەكانی لەم ناوچەیە كردبوو.

ئەو كۆمپانیایە دووپاتی كردەوە، خزمەتگوزاریی وێنەگرتن لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا كاتێكی نادیار دەوەستێنێت، بە هیچ شێوەیەك وێنەی تایبەت بە ئێران و جەنگی ئێران و ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو ناكاتەوە، ئەمەیش دوای ئەوە دێ كە حكوومەتی ترەمپ بە فەرمی داوای لەو كۆمپانیایە كرد.

كۆمپانیای پلانێت لابز كە بارەگای سەرەكی لە ویلایەتی كالیفۆرنیایە، ئەو بڕیارەی بە ئیمەیل بۆ كڕیارانی ناردووە و ئاماژەی داوە، حكوومەتی ئەمەریكا داوای لە سەرجەم ئەو كۆمپانیایانە كردووە كە بە مانگی دەستكرد وێنە دەگرن، تەواوی وێنەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەستێنن و چیتر ئەو ناوچەیە وێنەی نابێ بگیرێت.

پێشتر ئەو كۆمپانیایە دووپاتی كردەوە كە بۆ ماوەی دوو هەفتە، خزمەتگوزارییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوەستێنیت، ئێستەیش ئەو ماوەیە تا كاتێكی نادیار درێژ دەكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو وێنانەی كە لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە دەگیرێن، خزمەتی دوژمن نەكەن بۆ بە ئامانجگرتنی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د