هەندێك ئاماژە لە زەماوەندەكاندا دەبینرێن چارەنووسی خێزانەكە دەردەخەن

:: PM:02:28:05/04/2026 ‌
خاتوونە وێنەگرێكی سەربە كۆمپانیای Stag and Bird Curated Photo Experiences كە وێنەكانی 300 زەماوەندی بووك و زاوای دیكیۆمێنت كردووە، ئەوەی ئاشكرا كردووە كە هەندێك ئاماژە لە زەماوەندەكاندا دەبینرێن، بەڕوونی چارەنووسی خێزانەكە دەردەخەن كە ئایا ژیانی داهاتوویان چۆن دەبێت، ئایا ئاسوودە و خۆشگوزەران دەبن یان پێچەوانەكەی؟.

پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر بۆچوونەكانی كۆرتنی سبیچ كە وێنەگرێكی تایبەتی زەماوەندەكانە و وەك خۆی دەڵێت، وێنەكانی 300 زەماوەندی دیكیۆمێنت كردووە و بە وێنەكان بۆ دەركەوتووە كە چارەنووسی خێزانیی ئەو بووك و زاوایە چۆن دەبێت و چۆن ژیان دەگوزەرێنن. باس لەوەش دەكات كە لە وێنەكاندا زۆر راستیی شاراوە هەن كە جۆری پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا  "لایەنی بووك و زاوا" ئاشكرا دەكەن.

ئەو دەڵێت هەندێك هەڵسوكەوت لە زەماوەندەكاندا دەبینرێن وەك ئامادەكاری بۆ زەماوەندەكە و دانیشتن بۆ وێنەگرتن، بە روونی دەردەكەوێت كە بۆچوونی جیاواز لە نێوان هەردوولا هەیە، تەنانەت زۆرجار زمانی جەستەیش ئەو جیاوازییە دەردەخات، یان بە روونی هەست بە دڵەڕاوكێی لایەنێك لەو دوو لایەنە دەردەخات كە بۆ زەماوەندەكە دڵخۆش نین، هەموو ئەوانە ئەو ئاشكرا دەكەن كە هەردوولا بۆچوونەكانیان لە یەكتر جیاوازن.

ئەو وێنەگرە دووپاتی دەكاتەوە كە پێوەندیی هەردوولا "بووك و زاوا" لە سەرەتاوە پێشبینی ئەوە دەكرێت كە داهاتوویان چۆن دەبێت، زۆرجار لە بەردەم كامێرا لە رووخسارەكاندا ئەوە دەبینرێت كە تا چەند دڵخۆشن یان پێچەوانەكەی، جار هەیە بە روونی ئەوە دەبینرێت هەروولا رەخنە لە یەكتر دەگرن بەتایبەتی لە نێوان بووك و زاوا، جاریش هەیە هەڵسوكەوتی شەرمەزاری لەگەڵ یەكتر دەنوێنن، ئەوەیش ئەوە دەردەخات كە ئەوان تا چەند بەو هاوسەرگیری و زەماوەندە رازین یان پێچەوانەكەی.

بەبۆچوونی كۆرتنی سبیچی وێنەگر، هەموو ئەوانە واتای شكستی هاوسەرگیرییەكە بەیەكجاری نییە، چونكە هەڵسوكەوتی رۆژانەی نێوان هاوسەران ئەگەری هەیە پێوەندییەكە لە ناشیرینییەوە بۆ جوانتر بكاتەوە و دواتر جێگیری بكاتەوە، ئەگەر نا مانەوەی بە نەگوجاوی، ئەگەر هەیە دوای ماوەیەك ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزانەكە.

دواتریش ئەو خاتوونە وێنەگرە دەڵێت، ئەوەی لە زەماوەندەكاندا دەیبینین هەموو هەر جوانی نییە، بەڵكو بە دیقەتی زیاتر لە هەڵسوكەوتی نێوان كەسەكان، دەتوانرێ چۆنێتیی پێوەندییەكە لێكبدرێتەوە، چونكە وەك پێشتر گوتمان، زۆر وردەكاریی شاراوە لە نێوان پێوەندییەكان هەن و ئەگەری زۆرە لە بۆنەكاندا زیاتر هەستیان پێ بكرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د