پاكوخاوێنی و بۆنخۆشیی چێشتخانە لەناو ماڵدا، لە پێشینەی كارەكانی كابانی ماڵە كە وا دەكات كەشی ناوماڵ خۆشتر بێت، جیالەوەی ئەو خاوێنییەی چێشتخانە كاریگەریی لەسەر تەندروستیی گشتیش دەبێت و حاڵەتی مەزاجی باشتر دەكات. بۆ ئەوەیش پێگەیەكی عەرەبی ئامۆژگاری دەكات كە بە تێكەڵكردنی توێكڵی لیمۆ و بیبەری رەش، دەتوانن بۆنی چێشتخانەكەتان خۆشتر بكەن.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان كە هەواڵەكەی لە پێگەی AOL وەرگرتووە، لەبارەی سوودەكانی تێكەڵاوكردنی توێكڵی لیمۆ و بیبەری رەش كە بۆنێكی سروشتیی خۆش دەداتە چێشتخانە، ئاماژە بەوە دەدات كە جیالە خاوێنیی چێشتخانەی ناوماڵ، هاوكات هۆكارە بۆ نەهێشتنی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ كە لە رێگەی وەرگرتنی هۆرمۆنی خۆشگوزەرانی وەك ئۆكسیتۆسین و دۆبامین. بۆیە تێكەڵكردنی توێكڵی لیمۆ و بیبەری رەش، باشترین رێگەیە بۆ بۆنخۆشیی سروشتیی چێشتخانەكانتان.
باس لەوە دەكرێت كە لەبەری ئەوەی پشت بە بۆنی دەستكرد ببەستن بۆ بۆنخۆشیی چێشتخانەكانتان لە ماڵ كە لە رووی نرخیشەوە گرانە، باشترین رێگە تێكەڵكردنی توێكڵی لیمۆ و بیبەری رەشە كە ئاسانتر دەست دەكەوێت لە بازاڕەكانیشدا هەرزانترە، بە تێكەڵكردنی ئەو دوو خۆراكە و كوڵاندنی، بۆنێكی سروشتیی زۆر خۆش بە چێشتخانەكە دەبەخشێت و بۆ ماوەیەكی زۆریش بۆنەكە دەمێنێتەوە.
دووپات دەكاتەوە كە لەبری ئەوەی توێكڵی لیمۆ فڕێ بدرێت، بڕێكی بكرێتە ناو مەنجەڵێك و هەندێك بیبەری رەشی تێكەڵ بكەن، بۆ ماوەی پێنج خولەك بیكوڵێنن، بەدوایدا كاتێك هەندێك سارد دەبێتـەوە، بۆنێكی زۆر خۆش بەو شوێنە بڵاو دەبێتەوە كە مەبەست لێی چێشتخانەكەیە. دوای ئەویش ئەگەر بتانەوێ دەتوانن دیسان لەسەر ئاگرێكی نزم دایبنێنەوە، ئەوكات بۆ ماوەی بەلای كەمەوە زیاتر لە دوو سەعات، هەمان بۆنە خۆشەكە بڵاو دەبێتەوە.
دواتریش باس لەوە دەكرێ ئەگەر بتانەوێ جۆری بۆنەكەیش بگۆڕن، دەتوانن هەندێك رێحان یان نەعنا یاخۆ زەعتەریشی لەگەڵ تێكەڵ بكەن، ئەوكات بۆنەكەی خۆشتریش دەبێت. خۆ ئەگەر توێكڵی لیمۆی زەرد بەردەست نەبوو، دەتوانن توێكڵی لیمۆی سەوز یان پرتەقاڵ بەكار بێنن و لەگەڵ بیبەری رەش تێكەڵی بكەن، بەهەمانشێوە بۆنی خۆش دەبەخشێتە چێشتخانەكانتان.