ئاو لەسەر مەریخ ١٠ هێندەی پێشتر زیاد بووە

:: AM:09:04:08/04/2026 ‌
زانایان لە ڕێگەی شیكردنەوەی وردی نەیزەكێكەوە كە لە مەغریب دۆزراوەتەوە، زانیاریی نوێ و سەرسوڕهێنەریان لەبارەی هەسارەی مەریخ ئاشكرا كرد.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی"Daily Galaxy"، ئەم نەیزەكە كە تەمەنی بۆ ٢.١ ملیار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، دەریخستووە بڕی ئاو لەسەر مەریخ ١٠ هێندە زیاتر بووە لەوەی كە پێشتر زانایان بڕوایان پێی هەبووە.

ئەم بەردە ئاسمانییە كە بە "NWA 7034" ناسراوە، یەكەمین نموونەی پشتڕاستكراوەی توێكڵی مەریخە كە بگاتە دەست مرۆڤ، پێكهاتەكەی لەو نەیزەكانەی تری مەریخ ناچێت كە پێشتر دۆزراونەتەوە.

توێژەرانی زانكۆی نیو مەكسیكۆ و ناسا ئاماژەیان بەوە كردووە، ڕێژەی ئاو لەم نەیزەكە نزیكەی شەش هەزار بەشە لە ملیۆنێكدا، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە لە سەردەمە جیۆلۆجییەكانی ڕابردوودا مەریخ خاوەنی سەرچاوەی ئاوی زۆر دەوڵەمەند بووە، كارلێكی بەهێز لە نێوان گڕكانەكان و ئاوی سەر ڕووی هەسارەكەدا هەبووە.

ئەم دۆزینەوەیە نەك هەر تێگەیشتنی ئێمە بۆ مێژووی مەریخ دەگۆڕێت، بەڵكو دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ ڕۆبۆتی "كوریۆسیتی" لە گەڕانەكانیدا بەدوای شوێنەواری ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە.



وشە - سۆران عەزیز