واتسئاپ تایبەتمەندیی ناوی بەکارهێنەر زیاد دەکات

:: PM:08:15:09/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسانی 2026، لە هەنگاوێکدا بە مەبەستی گۆڕینی شێوازی پێوەندیی ناو پلاتفۆڕمەکەی، ئەپڵیکەیشنی نامەگۆڕینەوەی واتسئاپ دەستی کرد بە خستنەڕووی تایبەتمەندییەکی نوێ کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات ناوی بەکارهێنەری تایبەت بە خۆیان دابنێن.

لە ئێستەدا تایبەتمەندییەکە بۆ ژمارەیەکی سنووردار لە بەکارهێنەرانی سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستە، بڕیاریشە لە چەند هەفتەی داهاتوودا فراوانتر بکرێت. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گرنگە لە ئەزموونی بەکارهێنەردا، چونکە ڕێگەیان پێ دەدات پێوەندی لەگەڵ کەسانی تر بکەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات ژمارەی مۆبایلەکەیان ئاشکرا بکەن.

بەکارهێنەران دەتوانن ناوێکی ناوازە هەڵبژێرن و بۆ دۆزینەوەیان یان دەستپێکردنی گفتوگۆ بەکاری بهێنن، ئەمەش ئاستێکی بەرزتر لە تایبەتمەندی و ئاسایشیان پێ دەبەخشێت. گەیشتن بەم خزمەتگوزارییە لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی پرۆفایلەوەیە لە ناو ئەپڵیکەیشنەکەدا کە بە چەند هەنگاوێکی سادە ناوەکە دروست دەکرێت و بە هەمیشەیی بە هەژمارەکەیەوە دەبەسترێتەوە.

واتسئاپ کۆمەڵێک ڕێسای توندی بۆ هەڵبژاردنی ناوەکان داناوە بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان یان ساختەکاری. بۆ نموونە، نابێت ناوەکە بە (www) دەست پێ بکات یان بە پاشگرەکانی وەک (.com) کۆتایی بێت، هەروەها دەبێت لانی کەم یەک پیت لە ناوەکەدا هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ناوێک کە تەنیا لە ژمارە یان هێما پێکهاتبێت.

پەرەپێدانی ئەم تایبەتمەندییە کاتێکی زۆری خایاندووە، کۆمپانیاکە پێکهاتەی ئەپڵیکەیشنەکەی گۆڕیوە و تاقیکردنەوەیەکی زۆری کردووە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ئاسایش پێش بڵاوکردنەوەی. ئەم هەنگاوە دووپاتی دەکاتەوە کە ئاراستەیەکی ڕوون هەیە بەرەو کەمکردنەوەی پشتنەبەستن بە ژمارەی مۆبایل و پاراستنی زیاتری بەکارهێنەران.



وشە - پۆڵا مەحموود