ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئابی 2024، بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ زانایان دەڵێن، وەرزی هاوین وەک دەیان ساڵ پێش ئێستە نەماوە، بەڵکو زووتر دەست پێ دەکات، بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام دەبێت و زۆر گەرمتریشە.
تیمێک لە زانکۆی کۆلۆمبیای بەریتانی شیکردنەوەیان بۆ داتاکانی پلەی گەرمی لە نێوان ساڵانی 1990 و 2023 کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە تێکڕای درێژیی وەرزی هاوین لە ناوچەکانی نێوان هێڵەکانی کەمەرەیی و جەمسەرەکاندا، لە هەر دەیەیەکدا نزیکەی شەش ڕۆژ زیادی کردووە. ئەم ژمارەیە پێچەوانەی ئەنجامەکانی پێشووە کە ئاماژەیان بەوە دەکرد تا سەرەتای ساڵانی دووهەزارەکان، لە هەر دەیەیەکدا تەنیا چوار ڕۆژ زیادی کردووە.
لە هەندێک شاردا ژمارەکان مەترسیدارترن، بۆ نموونە لە سیدنی ئوسترالیا، ژمارەی ڕۆژەکانی هاوین لە 80 ڕۆژەوە لە ساڵی 1990 بۆ نزیکەی 130 ڕۆژ لە ئێستەدا بەرز بووەتەوە، واتە لە هەر دەیەیەکدا 15 ڕۆژ زیادی کردووە. سەبارەت بە تۆرۆنتۆی کەنەدا، ڕۆژەکانی هاوین لە هەر دەیەیەکدا تێکڕا هەشت ڕۆژی تر فراوانتر دەبن.
زانایان پشتیان بە پێناسە تەقلیدییەکەی هاوین نەبەستووە کە پشت بە مانگەکان دەبەستێت (لە حوزەیرانەوە تا ئاب لە نیوەی باکووری زەوی)، بەڵکو هاوینیان لەسەر بنەمای خودی پلەکانی گەرمی پێناسە کردووە، کە بریتییە لەو ژمارە ڕۆژانەی پلەی گەرمی تیایاندا بەرز دەبێتەوە بۆ سەرووی تێکڕای ئاسایی مێژوویی بۆ هەر ناوچەیەک، ئەمەش بەپێی داتاکانی کەشوهەوا کە دەگەڕێنەوە بۆ ماوەی نێوان 1961 و 1990.
ئەم گۆڕانکارییە وەرزییانە تەنیا تێبینییەکی کەشوهەوا نین، بەڵکو لێکەوتەی مەترسیداریان هەیە لەسەر کشتوکاڵ، دابینکردنی ئاو، تەندروستیی گشتی و تۆڕەکانی وزە، چونکە ئەم کەرتانە لەسەر بنەمای گریمانە جێگیرەکان سەبارەت بە کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی وەرزی گەرم داڕێژراون.
تید سکۆت سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، دووپاتی کردەوە کە ئەنجامەکان ڕووبەڕووی بیرۆکەی "سوڕی سروشتیی وەرزەکان" دەبنەوە کە پێمان وایە جێگیرە، ئاماژەی بەوەش دا کە کاتی هاوین و خێرایی گەیشتنی، کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانی ڕووەکی و ئاژەڵی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەیە.
سوپڕایزەکان تەنیا لە درێژیی هاویندا کورت نەبوونەتەوە، بەڵکو زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە گۆڕانکارییەکانی نێوان خودی وەرزەکان زۆر توندتر بوون، لەبری گواستنەوەی پلەبەپلە لە بەهارەوە بۆ هاوین، پلەکانی گەرمی لەناکاو بۆ ئاستی هاوین بەرز دەبنەوە.
ئەم گۆڕانکارییە خێرایە لەوانەیە سیستمی ژینگەیی پەک بخات کە پشت بە ئاماژەکانی وەرزە پێشبینیکراوەکان دەبەستێت، لەوانەیە گوڵەکان پێش دەرکەوتنی مێرووەکان بپشکوێن، و بەروبوومەکانیش پێویستیان بە چاندن بێت لە کاتێکی زووتردا. هەروەها گەرمبوونی خێرای بەهار لەوانەیە ببێتە هۆی توانەوەی خێراتری بەفر و زیادبوونی مەترسیی لافاوەکانی بەهار.
سکۆت هۆشداری دەدات لەوەی ئەو بیروباوەڕە چەسپاوەی کە پێی وایە هاوین لە مانگی حوزەیراندا دەست پێ دەکات، لەوانەیە وا بکات ئامادە نەبین بۆ شەپۆلەکانی گەرمای پێشوەختە.
زانایان ڕێگەیەکی نوێیان داهێناوە بۆ پێوانی "گەرمای کۆبووەوە" لە ماوەی هاویندا، کە بریتییە لە بڕی گەرمای گشتی کە بە تێپەڕبوونی کات کۆ دەبێتەوە. بۆیان دەرکەوتووە کە گەرمای کۆبووەوەی هاوین لەسەر وشکانی لە نیوەی باکووری زەوی، لە ئێستەدا بە زیاتر لە سێ هێندەی ئەو خێراییە بەرز دەبێتەوە کە لە نێوان ساڵانی 1961 و 1990دا هەبووە.
هەروەها ناوچە کەناراوییەکان لە نیوەی باکووری زەوی خێراترین گەشەیان هەیە لە درێژیی هاوین و کۆبوونەوەی گەرمادا، ئەمەش لەوانەیە کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس هەبێت کە بڕیاریان داوە لەم ناوچانەدا بژین بەهۆی کەشوهەوا مامناوەندەکەیانەوە.