ئەو خاتوونە ئەستێرانەی عەرەب كە گەورە بوون و هاوسەرگیری ناكەن

:: PM:03:00:11/04/2026 ‌
كەم نین ئەو خاتوونە ئەستێرە و هونەرمەندانەی عەرەب كە تەمەنیان تا ئاستێك هەڵكشاوە و تا ئێستە هاوسەرگیرییان نەكردووە، لە كاتێكدا زۆربەیان لە جوانیی رووخسار و جەستە لەوپەڕی جوانیدان، لە كورتە راپۆرتێكدا هەریەك لەوان بەجۆرێك باس لە ژیانی هاوسەرگیری دەكەنەوە كە بۆچی هاوسەرگیریی ناكەن؟.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 11ی نیسان، كورتە راپۆرتێكی لەبارەی ئەو خاتوونە هونەرمەندانە بڵاو كردووەتەوە كە وەك رووخسار و جەستە جوانن، بەڵام تا ئێستە ئامادە نەبوون هاوسەرگیریی ئەنجام بدەن. هەریەك لەوان بەجۆرێك باس لە ژیانی تایبەتی خۆیان دەكەن كە بۆچی تا ئێستە ئامادەی هاوسەرگیریی نین، نموونەیان نەرمین فەقی، لەتیفە، ناهید سباعی، حوریە فەرغەلی، ئیمان سەید و زۆری تر.

لە سەرەتای راپۆرتەكەدا باس لە هونەرمەند نەرمین فەقی كراوە كە تا ئێستە هاوسەرگیریی نەكردووە، لە كاتێكدا تەمەنی گەیشتووەتە 54 ساڵ، ئەو دەڵێت پرۆسەی هاوسەرگیریی رەت ناكاتەوە، بەڵام مەرجی بۆ هاوسەرگیری خۆشەویستییەكی راستینە هەیە، بۆیە ئەو بەدوای كەسایەتیی كەسەكە دەگەڕێت نەك ئەوەی ئەستێرە بێت، تا ئێستەیش ئەوەی نەدۆزیوەتەوە.

ناهید سباعیش كە نەوەی هونەرمەند فەرید شەوقییە، یەكێكی ترە لەو خاتوونە هونەرمەندانەی تەمەنی بەسەر چووە كە زیاتر لە 40 ساڵە و هاوسەرگیریی نەكردووە، ئەو لە ساڵی 2018دا ویستوویەتی هاوسەرگیری لەگەڵ سەرمایەدارێكی میسری بكات، بەڵام پرۆسەكە بەهۆی كێشەی نێوانیان تێكچوو، ئێستەیش وەك خۆی گوتوویەتی، بیر لە هاوسەرگیری ناكاتەوە و زیاتر بایەخ بە خزمەتی دایكی دەدات.

حوریە فەرغەلیش هونەرمەندێكی ترە كە لەم تەمەنەی ئێستەیشیدا كە لە 50 ساڵ نزیك بووەتەوە، زۆر جوان و رێكپۆشە، تا ئێستە هاوسەرگیریی نەكردووە، ئەویش وەك خۆی گوتوویەتی كاتێك ویستوویەتی لە 2002دا هاوسەرگیری لەگەڵ سەرمایەدارێكی عەرەب بكات، بەڵام یەك رۆژ بەر لە هاوسەرگیرییەكە دەزگیرانەكەی تووشی رووداو بوو و گیانی لە دەست دا، لەوكاتەوە ئیتر بیر لە هاوسەرگیری ناكاتەوە.

ئیمان سەیدیش وەك خۆی دەڵێ كاتێك دەزگیرانەكەی لە 2010دا كە هونەرمەندی كۆمێدی محەمەد عەلیەدین بوو، تووشی شێرپەنجە بوو و كۆچی دوایی كرد، لەوكاتەوە دەرگای هاوسەرگیریی لە خۆی داخستووە و بیری لێ ناكاتەوە.

هونەرمەندێكی تر مەیس حەمدانە كە تەمەنی گەیشتووەتە 43 ساڵ و وەك خۆی دەڵێت، وەك پرەنسیپ هاوسەرگیری رەت ناكاتەوە، بەڵام ئەو پرۆسەیە بە چارەنووس دەسپێرێت، هاوكات بۆ ئەوەیش هەستەوەرە و پێی ئەستەمە كەسێك بدۆزێتەوە كە لەگەڵ سروشتی پەروەردەی خۆی بگونجێت، بۆیە بە ئاسانی خۆی لەو پرۆسەیە نادات.

هاوكات ئەلیسای گۆرانیبێژی لبنانی كە ئەویش تەمەنی گەیشتووەتە 54 ساڵ و هاوسەرگیریی نەكردووە، ئەو دەڵێ هاوسەرگیریی لە بیری خۆی بردووەتەوە و زیاتر بیر لە سەربەخۆیی خۆی دەكات. خۆشەویستی رەت ناكاتەوە، بەڵام بۆ خۆی بیر لە هاوسەرگیری ناكاتەوە، بۆیە دووپاتی دەكاتەوە كە زۆر چێژ لە سەڵتی دەبینێت.

دواتریش راپۆرتەكەی "عەرەبیە" ئاماژە بە لەتیفە توونسیی گۆرانیبێژ كە ئەویش تا ئێستە سەڵتە و هاوسەرگیریی نەكردووە، لە كاتێكدا تەمەنی گەیشتووەتە 65 و زۆریش بە جوانیی ماوەتەوە. وەك دەڵێت زۆرجار داوای هاوسەرگیریی لێكراوە، بەڵام راستەوخۆ رەتی كردوونەتەوە، تەواوی ژیانی بە هونەرەكەی بەخشیوە و نایەوێ بیر لە هاوسەرگیری بكاتەوە و چێژ لەو ژیانەی ئێستەی خۆی دەبینێت. دواتریش گوتوویەتی هونەر بەلای ئەوەوە خێزانی راستەقینەیەتی.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د