دەستەی كەشناسیی عێراق رای گەیاند كە لە شەمووی داهاتووەوە كەشوهەوای عێراق بە نزمە پاڵەپەستۆیەكی ئاسمانی هاتوو لە باكوری ئەفریقیا تێكەڵ بە بارستەیەكی ساردی هەوا كاریگەر دەبێت، كەشوهەوایەكی ناجێگری بەهاری بۆ ماوەی چەند رۆژێك دروست دەكات.
بەپێی
راپۆرتی دەستەكە، كاریگەریی ئەو نزمە پەستانە لە بەرەبەیانی رۆژی شەموو دروست دەبێت و تا ئێوارەی سێشەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیە بارانی سووك و ناوەند ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە، بە رۆژ زۆرینەی ناوچەكان دەگرێتەوە، لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكور و هەرێمی كوردستان هەلی بارینی تەرزە هەیە.
هاوكات لە ناوچەكانی ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق بەهۆی هەڵكردنی بایەكی خێرایی ناوەند، خۆڵبارین دروست دەبێت، بەڵام لە بەیانیی سێشەمی داهاتوو ئەو دۆخە بەرەو لاوازی دەچێت، دەستەكە وریایی دا كە لەو ماوەیە لە هەندێك ناوچەی ناوەڕاست و باكور و هەرێم بارانی بەخوڕ دەبارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.