ئەمڕۆ دووشەم 20ی نیسانی 2026، ئەحمەد تەمیمی پسپۆڕ لە کاروباری کەشوهەوا، هۆشداریی دا لە زیادبوونی مەترسییەکانی تێکچوونی تەکنیکی و ئاگرکەوتنەوەی پاتریی ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان لە عێراق، ئەوەش هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
تەمیمی ڕای گەیاند، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەو مانایە نایەت کە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەبنە سەرچاوەی مەترسیی ڕاستەوخۆ، بەڵام سەختیی کەشوهەوا ئەگەری دەرکەوتنی کەموكوڕییە شاراوەکان و تێکچوونی زیاتری پاتری یان سیستمە کارەباییەکان زیاد دەکات. ڕوونی کردەوە کە هەرچەندە پاتریی ئەم ئۆتۆمبێلانە بە پێوەری پێشکەوتوو دروست کراون و سیستمی ساردکردنەوەیان هەیە، بەڵام بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر، خراپیی چاککردنەوە، یان بەکارهێنانی پارچەی ساختە، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای پاترییەکە.
ئاماژەی بەوەش دا کە مەترسییە گەورەکە تەنیا گەرما نییە، بەڵکوو کۆبوونەوەی چەند هۆکارێکە وەک کۆنبوونی پاتری، گیرانی ڕێڕەوی هەوا، کێشەی وایەرەکان، یان بەکارهێنانی بارگاویكەری (شاحینە)ی نەگونجاو. ئەمەش دەبێتە هۆی "لەدەستدانی کۆنترۆڵی گەرمی" کە لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای گەرما، دەرچوونی دووکەڵ یان تەنانەت ئاگرکەوتنەوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەو ڕووداوانەی لە جیهاندا بڵاو دەبنەوە بەو مانایە نایەت کە ئۆتۆمبێلە هایبرید یان کارەباییەکان سەلامەت نین، بەپێی ئامارەکان ڕێژەی سووتانیان لە ئۆتۆمبێلە ئاساییەکان کەمترە، بەڵام کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان قورسترە. تەمیمی دووپاتی کردەوە کە عێراق ژینگەیەکی زۆر سەختە بۆ ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە، چونکە لە هەندێک ناوچە پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت.
لە کۆتاییدا داوای لە خاوەنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە کرد، پێش هاتنی هاوین پشکنینی گشتی بکەن، دڵنیا ببنەوە لە سەلامەتیی سیستمی ساردکردنەوەی پاتری، خۆیان بەدوور بگرن لە دانانی ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەر تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی زۆر، هەروەها لە کاتی دەرکەوتنی هەر هێمایەکی ئاگادارکردنەوەی ناسروشتی سەردانی سەنتەرە باوەڕپێکراوەکان بکەن.