مێژوونووسێك دێتە راسپاردن تا ژیاننامەی شاژنە ئەلیزابێس بنووسێتەوە

:: AM:10:25:22/04/2026 ‌
خێزانی شاهانەی بەریتانیا رای گەیاند، مێژوونووسێكی ناوداریان دەستنیشان كردووە تا ژیاننامەی فەرمیی شاژنە ئەلیزابێس بنووسێتەوە، ئەو شاژنەی لە ساڵی 2022 كۆچی دوایی كرد كە ماوەی 70 ساڵ شاژنی ئەو وڵاتە بوو.

پێگەی ئەلیكترۆنیی "شەرق ئەوسەت" كە راگەیاندنی خێزانی شاهانەی بەریتانیای بڵاو كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەدەن كە شا چارڵزی سێیەم، ئانا كای مێژوونووسی ناوداری راسپاردووە تا بە فەرمی ژیاننامەی شاژنە ئەلیزابێس بنووسێتەوە. بۆ ئەوەیش میدیاكانی ئەو وڵاتە بە فراوانی هەواڵیان لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە.

باس لەوە كراوە كە كۆشكی پاكینگهام لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی ئاشكرا كردووە، ئانا كای سەرپشك كراوە بەناو تەواوی ئەرشیڤی شاژنە ئەلیزابێس بگەڕێت و نووسراوەكان بخوێنێتەوە و لە كتێبەكەیدا سوودیان لێ ببینێت، هاوكات سەرپشك كراوە قسەوباس و پرسیار لەگەڵ هاوڕێ و ئەندامانی خێزانی شاهانە و كارمەندانی كۆشكەكە بكات.

لەوبارەیەوە ئانا كای لەبارەی شاژنەوە گوتوویەتی، ئافرەتێكی جیاواز و ناوازە بووە كە یەك سەدە لە ژیانیدا بە چەندان قۆناغی هەستیاردا تێپەڕیوە و گۆڕانكاریی زۆری بینیوە. بۆیە زۆر سوپاسی شا چارڵز سێیەمی كردووە كە ئەو ئەركەی پێ سپاردووە، بۆیە بەڵێنی داوە هەموو تواناكانی خۆی تەرخان بكات بۆ سەركەوتنی ئەو كارە.

لە هەواڵەكەدا ئاماژە بە كاتی دەرچوونی ژیاننامەكە نەكراوە كە چۆن و كەی دەبێت، بەڵام چاوەڕێ دەكرێ ماوەیەكی درێژی پێویست بێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د