میدیاكانی چین چەند زانیارییەكیان ئاشكرا كرد كە ئۆتۆمبێلی BYD لە ئۆتۆمبێلێكی نوێی بڵاو كردەوە، ئەندازیارێكی ئۆتۆمبێلیش دەڵێت، ئەمجارە ئەو ئۆتۆمبێلە شوفێران ئاشق بەخۆی دەكات.
ئەمڕۆ شەموو 25ـی نیسان، گۆران قادر ئەندازیاری میكانیكی ئۆتۆمبێل بە "وشە"ـی راگەیاند، بەم نزیكانە لە پێشانگای ئۆتۆمبێلی پەكین، كۆمپانیای BYD پەردەی لەسەر جۆرێكی نوێی ئۆتۆمبێلەكانی لادا، كە ئەویش ئۆتۆمبێلی Atto 3 بوو نمایشی كرد.
زیاتر گوتی، ئۆتۆمبێلەكە دیزاینێكی مۆدێرن و لاشەیەكی داینامیكیی هەیە، درێژییەكەی 466 سانتیمە و پانی 189 سانیتمە و بەرزییەكەی 157 سانتیمە.
باسی لەوەشكرد، دوێنی سەردانی ئەو كۆمپانیایەم كردووە، بەپێی زانیاری كۆمپانیا ئەم ئۆتۆمبێلە دوو جۆر پاتری لیسیۆم (LFP)ی تێدایە كە لەلایەن كۆمپانیای FinDreams كە لقێكی كۆمپانیای BYD دروستكراوە. یەك پاتری توانای 57 كیلۆوات بە ماتۆڕێكی كارەبایی 322 ئەسپ كار دەكات، مەودای 540 كیلۆمەتر بە یەك بارگاویكردنەوە دابین دەكات. پاتریەكەی تر توانای 68 كیلۆوات بە ماتۆڕێكی كارەبایی 322 ئەسپ كار دەكات، مەودای 630 كیلۆمەتر لە بارگاویكردنەوەی تەواودا دابین دەكات.
روونی كردەوە ئەوەی لە چین ئەمڕۆ باس دەكرێت ئەوەیە داهێنان لە بارگاویكردنەوەكەی كراوە، پاتریەكە دەتوانرێت لە 10% بۆ 70% تەنیا لە ماوەی 5 خولەكدا بارگاوی بكرێتەوە و لە 10% بۆ 97% لە ماوەی 9 خولەكدا بارگاوی بكرێتەوە. تەنانەت لە پلەی گەرمی نزمدا كە دەگاتە -30 پلەی سەدی، كاتی شەحنكردنەوە تەنیا 3 خولەك زیاد دەكات، ئەمەش وایكردووە ئۆتۆمبێلەكە ببێتە ڕكابەرێكی بەهێز لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی كارەبایی جیهانیدا.