نیسك خۆراكی هەژاران.. لە مێژوودا خۆراكیی سەرەكیی فیرعەونەكان بووە

:: PM:02:52:26/04/2026 ‌
كاتێك كەشوهەوا سارد دەبێت، "نیسك" وەك خۆراكێك بۆ مرۆڤ دەبێتە پاڵەوانی زۆربەی خۆراكەكان، راستە ئەو خۆراكە سادەیە و بە خۆراكی هەژاران ناسراوە، چونكە لە بازاڕدا نرخی بەراورد بە خۆراكەكانی تر هەرزانە، بەڵام ئەگەر بۆ سەرچاوەكەی بگەڕێین، دەردەكەوێ لە هەزاران ساڵ بەرلە ئێستە، خۆراكی پاشا و فیرعەونەكان بووە، بۆیە لێرەدا ئاماژە بە سەرچاوەی نیسك دەكەین كە لە سەرەتادا لە كوێوە هاتووە و چۆنیش بڵاو بووەتەوە.

بەشی زانستی پێگەی "ئەهرام"ی میسری لەبارەی سەرچاوەی نیسك راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا بە وردی ئاماژەی بە مێژووەكەی كردووە، وەك خۆراكێكی تەندروست بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرما بەكار هاتووە، بۆیە وەك شوێنەوارناسان باسی دەكەن، هەزاران ساڵ بەرلە ئێستە نیسك هەبووە، ئەوكات خۆراكی سەرەكیی هەژاران و پاشاكان پێكەوە بووە، بۆیە لە سەردەمی فیرعەونەكانی میسر، بایەخێكی زۆر بە خواردنی نیسك دراوە و خۆراكێكی سەرەكی فیرعەونەكان بووە.

راپۆرتەكە ئاماژ بەوە دەكات كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەند "وڵاتی شام و باشووری توركیای ئێستە" نیشتمانی سەرەكیی نیسكە. بۆ ئەوەیش توێژینەوە شوێنەوارییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە كۆنترین پاقلەمەنی كە مرۆڤ ناسیبێتی لەو ناوچەیەدا نیسك بووە، مێژووەكەشی بۆ هەشت هەزار ساڵ بەرلە زاین دەگەڕێتەوە. لەو ناوچەیە لەگەڵ جووڵەی بازرگانی و كۆچی مرۆڤی كۆن لە ناوچەكاندا، لەوێوە بۆ هیندستان و ئەوروپا گوازراوەتەوە.

راپۆرتەكە باس لە میسر دەكات كە چۆن لە كۆندا نیسكی پێ گەیشتووە، توێژینەوە شوێنەوارییەكان بەوە گەیشتوون، تۆوی نیسك لەناو گۆڕی تیبە و پەرستگە فیرعەونییەكان دۆزراوەتەوە، ئەوەیش بەڵگەیە كە ئەو خۆراكە، خۆراكێكی سەرەكی فیرعەونییەكان و تەنانەت هەژارانیش بووە، ئەوكات بەبێ جیاوازی بەكاریان هێناوە، بەتایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرما، بۆیە نیسك لەلای ئەوان خۆراكێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو زۆر بە فراوانی چێنراوە بەتایبەتی لە خاكەكانی وادی و دەلتا، بۆیە میسرییە كۆنەكان پێیان وابووە نیسك سەرچاوەی وزە و جێگرەوەیە بۆ پرۆتینی ئاژەڵی، بەتایبەتی لە كاتی رۆژووگرتندا.

لە كۆتایی راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە، نهێنیی بایەخدان بە خواردنی نیسك كە بۆ هەزاران هەزار بەرلە ئێستە دەگەڕێتەوە و تا ئێستەیش لە خۆراكە زۆر سوودبەخشەكانە، بۆ بەها خۆراكییەكەی دەگەڕێتەوە كە دەوڵەمەندە بە ئاسن و پرۆتین و ریشاڵ، بۆیە بە "گۆشتی هەژاران" ناو دەبرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د