عێراق وڵاتێكی گرنگ و دەوڵەمەندی ناوچەكەیە، بەڵام بەدەست دەیان تەنگژەی قووڵی سیاسی و تەناهی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و داراییەوە دەناڵێنێت، ئەوە وای كردووە ببێتە ژینگەیەكی نالەبار بۆ گەشتكردن و وەبەرهێنان و كاری كۆمپانیا بیانییەكان و تەنانەت نێردە دیپلۆماسییەكانیش، ئەوانە و چەند هۆكارێكی وایان كردووە متمانەی لاواز بێت، بۆیە تا ئێستە پاسپۆرتی عێراقی لە لاوازترینی دنیایە.
بەپێی پۆلێنی
"هێنلی" و هاوبەشەكانی بۆ 2026 بۆ بەهێزیی پاسپۆرتەكانی دنیا و توانای گەشتكردنی هەڵگرانی بۆ وڵاتانی تر، لە كۆی 101 پاسپۆرت، پاسپۆرتی عێراقی لە پلەی 99 دێت، بەوەی دەبێتە سێیەم لاوازترین پاسپۆرت لە دنیادا، كاتێك هەڵگرانی پاسپۆرتەكە دەتوانن تەنیا سەردانی 29 دەوڵەت بكەن بەبێ ڤیزە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ لاوازیی پێوەندیدار بە هۆكارە سیاسی و تەناهی و ئابوورییەوە.
شارەزایان ئاماژە دەكەن ئەو پاشەكشەكردنەی پاسپۆرتی عێراقی بۆ كەڵەكەبوونی تەنگژەكان دەگەڕێتەوە، جیا لە لاوازیی متمانەی نێودەوڵەتی بەو وڵاتە و كێشە تەناهییەكان و لەرزۆكیی دۆخە ئابوورییەكەی، هەروەها پرسەكانی كۆچی نایاسایی و لاوازیی رێككەوتنە دووقۆڵییەكان و كۆتی سەر مامەڵەی بە هاوشێوە كار لە بەردەوامیی ئەو ئاستە نزمەی پاسپۆرتەكە دەكات.