درزی شاشەی مۆبایل پشتگوێ‌ مەخەن

:: PM:06:55:06/05/2026 ‌
ڕەنگە درزی شاشەی مۆبایل بێزاركەر دەركەوێت، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی هەندێك درز دەتوانێت مەترسییە ڕاستەقینەكان بشارێتەوە، تەنانەت دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوە لە پاترییەكە.

مۆنیكا تۆرێس لە ڕاپۆرتێكدا كە لەلایەن كۆمپانیای هافپۆستەوە بڵاوكراوەتەوە ڕوونیدەكاتەوە كە شاشەی مۆبایل یەك چین نییە، بەڵكو لە چەند چینێكی بەیەكەوە بەستراو پێكدێت كە لەڕووی میكانیكی و كاراییەوە بەیەكەوە گرێدراون. ئەمەش بەو مانایەیە كە هەر درزێك، تەنانەت درزێكی بچووكیش بێت، دەتوانێت زیانێكی ناوەوەی لێبكەوێتەوە كە بە تێپەڕبوونی كات خراپتر دەبێت.

دیپاكار داتا ئەندازیاری میكانیكی لە پەیمانگای تەكنەلۆجیای نیوجرسی، ئاماژە بەوە دەكات كە درزی بچووك، بە تایبەت لە گۆشەكاندا، ڕەنگە مەترسیدار نەبن ئەگەر كاریگەرییان لەسەر كارایی یان شێواندنی شاشەكە نەبێت.

بەڵام مەترسی ڕاستەقینە كاتێك سەرهەڵدەدات كە درزەكە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەی گەرمی ئامێرەكەدا بێت، داتا دەڵێت هەستكردن بە گەرمی لە شوێنی درزەكە نیشانەیەكی ئاگاداركردنەوە و دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ دزەكردنی شێ یان تێكچوونی پاتری ناوەوە، ئەمەش پێویستە دەستبەجێ مۆبایلەكەت بكوژێنیتەوە.

مەترسییەكان تەنیا لە گەرمادا ناوەستن درزەكان دەتوانێت ڕێگە بدات شێ بچێتە ناو ئامێرەكەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ژەنگاویبوونی پێكهاتەكانی ناوەوە و تێكچوونی كارایی شاشە.

شارەزایان دووپات لەسەر گرنگی پشتگوێ نەخستنی درزەكان دەكەنەوە، چونكە دواخستنی چاككردنەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچوون و مەترسییەكان.



وشە - وشه‌