شارەزایەكی كەشناسی رای دەگەیەنێت، ئەمشەو ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسكە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان هەیە، بەڵام بڕی بارانەكە كەمە و خۆڵبارینی لەگەڵدایە.
ئەمڕۆ دووشەم 11ی ئایار، شاڵاو هیدایەت شارەزای كەشناسی بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ و لە شەویشدا تا سبەی سێشەم، ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسكە هەیە لە ناوچەی جیاجیاكان و بڕی بارانەكە كەمە، بەڵام هەندێ خۆڵبارین و قوڕاویشی لەگەڵدایە.
باسی لەوە كردووە كە لە ناوەڕاستی مانگ بۆ سەرەوە، حاڵەتێكی بەهێزی تاوەباران و هەورەبروسكەی تر بە دوو قۆناغ ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە، بۆ بەشێكی زۆری ناوچەكە پێشبینی بارانی باشی لێ دەكرێت و لە هەندێ شوێن ئەگەری لافاو هەیە لەگەڵ بارینی تەزرە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پلەكانی گەرما تەواوی مەوداكانی ئەو مانگە بەگشتی لەخوار نۆرماڵ دەمێننەوە، واتا كەمتر لە ئاستی ئاسایی دەبن.
پێشبینی ئەوەیشی كرد كە هیچ شەپۆلێكی گەرما بۆ ناوچەكە ناكرێت لەم مانگەدا، بۆیە جارێ زووە و موبەریدە دامەنێنەوە.
ئەو دەڵێ، ئەو گەرمییەی هەیە چەند ڕۆژێكە هۆكاری درێژی ڕۆژان و بەرزیی ڕێژەی شێیە لە ناوچەكە، بەهۆی مانەوەی سەوزایی و تەڕ و تووشی پێشتر كە هەستكردن بەگەرما زیاد دەكات، ئەگەرنا پلەكانی گەرما بەگشتی بەرز نین بۆ ئەو كاتانە و نزمتر لە ئاستی ئاسایی خۆیانن.