لە زۆرینەی پۆلێنەكانی دنیا بۆ بەهێزیی پاسپۆرتەكان لە دنیا، لە نوێترین پۆلێن كە لە لایەن " Henley Passport Index" بۆ ساڵی 2026 ئەنجام دراوە، پاسپۆرتی عێراق لە پاشەكشەكردن و ئاستی لاوازی بەردەوامە، لە ریزی لاوازترین پاسپۆرتەكانی عەرەبی و دنیایە.
بەپێی پێوەرەكە پاسپۆرتی عێراق لە پاشەكشە بەردەوامە و بۆ ئەمساڵ لە پلەی 101 لە دنیا و 20مینی عەرەبی هاتووە، لەناو وڵاتانی عەرەب تەنیا لەپێش سووریایە، ئەوە لەوكاتەی ئیمارات لە پلەی یەكەمی عەرەبی و دووەمی دنیا دێت، عێراق كەوتووەتە نێوان یەمەن كە لە پلەی 99 و سووریا لە پلەی 102 دێن، واتە لە دواوەی لیستی پۆلێنەكەیە.
هەر ئەمساڵ بەپێی پۆلێنی "هێنلی" و هاوبەشەكانی بۆ 2026 بۆ بەهێزیی پاسپۆرتەكانی دنیا و توانای گەشتكردنی هەڵگرانی بۆ وڵاتانی تر، لە كۆی 101 پاسپۆرت، پاسپۆرتی عێراقی لە پلەی 99 هات، بەوەش بووەتە سێیەم لاوازترین پاسپۆرت لە دنیادا، كاتێك هەڵگرانی پاسپۆرتەكە دەتوانن تەنیا سەردانی 29 دەوڵەت بكەن بەبێ ڤیزە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ لاوازیی پێوەندیدار بە هۆكارە سیاسی و تەناهی و ئابوورییەوە.
شارەزایان ئاماژە دەكەن ئەو پاشەكشەكردنەی پاسپۆرتی عێراقی بۆ كەڵەكەبوونی تەنگژەكان دەگەڕێتەوە، جیا لە لاوازیی متمانەی نێودەوڵەتی بەو وڵاتە و كێشە تەناهییەكان و لەرزۆكیی دۆخە ئابوورییەكەی، هەروەها پرسەكانی كۆچی نایاسایی و لاوازیی رێككەوتنە دووقۆڵییەكان و كۆتی سەر مامەڵەی بە هاوشێوە كار لە بەردەوامیی ئەو ئاستە نزمەی پاسپۆرتەكە دەكات.