لە راپۆرتێكدا كە لە پێگەیەكی عەرەبیدا بڵاو كراوەتەوە، باس لە وەسیەتی ژمارەیەك هونەرمەند دەكرێ كە بەر لە مردنیان بۆ كەسە نزیكەكانی خۆیان كردووە، لە بەشێكیان بە سەیروسەمەرە باس لە وەسیەتەكان كراوە، بۆیە لێرەدا باس لە هەندێك لە وەسیەتەكان دەكەین.
پێگەی "
عەرەبیە" راپۆرتێكی لەبارەی وەسیەتی هونەرمەندان بەر لە مردنیان بڵاو كردووەتەوە، لە سەرووی هەموویان هونەرمەند عەبدولڕەحمان ئەبو زەهرەیە كە دوو رۆژ بەر لە ئێستە كۆچی دوایی كرد، بەر لە مردنی وەسیەتی بۆ كوڕەكەی ئەحمەد كردووە كە لە دوای مردنی، تەرمەكەی بەر لە ناشتن، بەناو گۆڕەپانی شانۆی میلیی لە ناوچەی عەتەبە لە قاهیرە بگێڕن، چونكە زۆربەی ژیانی لەوێدا بەسەر بردووە و زۆربەی كارە هونەرییەكانیشی هەر لەوێدا بە ئەنجام گەیاندووە.
یوسف شاهینی دەرهێنەری ناوداری میسریش بەر لە مردنی وەسیەتی كردووە، بەر لە ناشتنی، تەرمەكەی ببەنە ستۆدیۆی "نحاس" لە شەقامی هەرەم لە شاری جیزە. بۆیە یەك لە نزیكەكانی شاهین گوتی، ئەو ناوچەیە لە دڵی یوسف شاهیندا زۆر خۆشەویست بووە، لەبەرئەوەی زۆربەی فیلمەكانی لەوێدا وێنەیان گیراوە، بۆیە لە دوای مردنی وەسیەتەكەیان بەجێ گەیاند.
هونەرمەند سەباحیش بەر لە مردنی وەسیەتی بۆ كەسوكارەكەی كرد، دوای مردنی كەس بۆی نەگری، بەپێچەوانەوە كاتێك تەرمەكەی بۆ ناشتن دەبن، بە ریتم و موزیك و سەما رێوڕەسمی بۆ بەڕێوە ببەن. كاتێكیش كۆچی دوایی كرد، كەسوكار و هاوڕێكانی وەسیەتەكەیان جێبەجێ كرد.
هونەرمەند عامر مونیب بەر لە مردنی وەسیەتی كرد كە لە دوای مردنی، رێگە نەدەن یەكێك لە خوشكەكانی لە پرسەكەی ئامادە بێت، چونكە لە ژیانیدا كێشەی زۆری بۆ دروست كردووە، بۆیە خێزانەكەی وەسیەتەكەیان جێبەجێ كرد و رێگەیان نەدا ئەو خوشكەی لە پرسەكەی ئامادە بێت.
لەیلا مورادی هونەرمەندی ناودار بەهەمانشێوە وەسیەتی كرد كاتێك مرد، مردنەكەی رانەگەیەنن تا بە تەواوی دەینێژن، پاشان پرسەكەی لە مزگەوتی سەیدە نفیسە لە قاهیرە بەڕێوە ببەن و تەنیا ماڵباتەكەی لە ناشتنیدا ئامادە ببن و نوێژی لەسەر بكەن، چونكە نایەوێ كەسێك لە دەرەوەی خێزانەكەی ئامادە بێت.
هونەرمەند سەنا جەمیلیش وەسیەتی بۆ هاوسەرەكەی رۆژنامەنووس لویس جریس كردووە و لە دوای مردنی، هەرچی كەلوپەل و شریتی شانۆ و فیلمەكانی هەیە، بدرێتە كتێبخانەی ئەسكەندەریە، وەسیەتی ئەویش وەك خۆی جێبەجێ كرا.
هاوكات هونەرمەند حوسێن سدقیش وەسیەتی كرد كە لە دوای مردنی، هەرچی فیلمی هەیە تەواویان بسووتێنن و گوتوویەتی، "وەسیەت دەكەم كە تەنیا خەریكی خواپەرستی بن، هەرچی فیلمم هەیە هەموویان بسووتێنن تەنیا فیلمی (سەیفولئیسلام خالید بن وەلید) نەبێت". هاوسەرەكەی فاتیمە مەغریبی وەسیەتەكەی دووپات كردووەتەوە.
دواتریش باس لە هونەرمەندی گەورە عەبدولحەلیم حافز كراوە كە بەر لە مردنی، وەسیەتی كردووە هەرچی موڵك و ماڵ و پارەی هەیە، سەرجەمیان دابەش بكرێنە سەر برا و خوشك و كوڕی پووری شحاتە و هاوسەرەكەی فردەوس، تەنیا شوقەكەی لە ناوچەی زەمالك بمێنێتەوە. دوای مردنیشی كەسوكارەكەی وەسیەتەكەیان وەك خۆی جێبەجێ كرد، بۆیە شوقەكەی زەمالك ماوە و زۆربەی كەلوپەلەكانی حافزی تێدا كۆ كراونەتەوە و هەوادارانی بۆ بینینیان سەردانی دەكەن.