بۆ دووركەوتنەوە لە مەترسییەكانی قرش.. پسپۆرێك رێنوێنی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:03:46:18/05/2026 ‌
دوای ئەوەی چەند رۆژێكە ماسییەكی قرشی مەترسیدار لە كەراناوەكانی دەریای سوور لە میسر بینرا و زۆرترین هەواڵیشی لەبارەیەوە بڵاو كرایەوە، بەدوایدا پسپۆرێك لە بواری ماسی و بەتایبەتی قرش، چەند رێنوێنییەكی بڵاو كردووەتەوە كە بۆ ئەوانەی سەروكاریان لەناو دەریایە یان مەلەوانن، زیاتر سوودی لێ دەبینن و دەوانن خۆیان لە مەترسییەكانی قرش رزگار بكەن.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، دكتۆر ئەمجەد شەعبان كە پسپۆرە و پێشتر توێژینەوەی لەسەر ماسیی قرش و جۆرەكانی لە پەیمانگەی نەتەوەیی بۆ زانستی دەریا كردووە، لە رێنوێنییەكانی بۆ دووركەوتنەوە لە مەترسییەكانی قرشی دڕندە، باس لەوە دەكات كە قرش بە سروشتی خۆی بەبی هیچ پاساوێك پەلاماری مرۆڤ نادات و ئارەزووی خواردنی مرۆڤی نییە، بەڵام هەندێك حاڵەت هەن وا دەكەن پەلامار بدات، بۆیە ئەگەر بە هۆشداریی هەڵسوكەوت بكەن، لە مەترسیی قرش دوور دەكەونەوە.

یەك لە رێنوێنییەكان ئەوەیە كاتێك دەچنە ناو ئاو و گومان هەیە قرشی لێ بێت، گرنگە رەنگی زەرد لە جلوبەرگی مەلەكردن بەكار نەهێنن، چونكە قرش خۆی رەنگەكان لە یەكتر جیا ناكاتەوە، تەنیا رەنگی زەرد نەبێت كە زیاتر لەلای قرش بە رەنگی ئاو دەچێت و وا دەكات پەلاماری رەنگەكە بدات.

ئەوەش دەڵێ كە پێویستە ئەوانە دەچنە ناو ئاوی دەریا، هەرچی پێیان دەكرێ بۆن بەكار نەهێنن، چونكە قرش لە دوورەوە هەست بە بۆنەكان دەكات و بۆچ دەچێت تا پەلاماری خاوەنی بۆنەكە بدات.

ئەوەش دەڵێت كە قرش بە سروشتی خۆی زۆر هەستەوەرە، بۆیە كاتێك هەستتان كرد قرش لێتان نزیك بووەتەوە، هەوڵ بدەن بە خێرایی مەجووڵێنەوە، بەڵكو زۆر بە هێمنی و لەسەرخۆیی لەناو ئاوەكە بچنە دەرەوە، چونكە ئەگەر قرش هەست بكات جووڵەیەك لە خێرایی دەڕوات، هەست دەكات نێچیرە و هەوڵ دەدات بە خێرایی پێی بگات بۆ پەلامار و خواردنی.

دواتریش ئەو پسپۆرە ئاماژە بەوە دەدات كە زۆر گرنگە بۆ ناو ئاوی دەریا بەمەبەستی مەلەكردن، بە كۆمەڵ بچن نەك بە تەنیا، چونكە قرش خۆی لە كۆمەڵێك مرۆڤ نزیك ناكاتەوە و ئەگەر بزانێ كەسێك بە تەنیا و بە خێرایی دەجووڵێتەوە، بەهەمانشێوە حیسابی نیچیری بۆ دەكات و بۆی دەچێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د