هێلین میرین لەبارەی پیربوونەوە ئامۆژگاریی خانمان دەكات

:: AM:11:53:21/05/2026 ‌
هێلین میرین كە ئێستە تەمەنی هەڵكشاوە لەبارەی رازیبوون لەگەڵ تەمەندا، ئامۆژگاریی خانمان دەكات و دەڵێت، مرۆڤ كە تەمەنی هەڵكشا، زۆر شت لە ژیانیدا دەگۆڕێت، تەنانەت بیرۆكەكانیشی.

هێلین بە یەكێك لە دیارترین ئەستێرەكانی هونەری هاوچەرخ دادەنرێت و خاوەنی خەڵاتەكانی ئۆسكار، ئیمی، بافتا، ساگ و تۆنییە، لەگەڵ سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە. بەتایبەتی لە بەرجەستەكردنی كەسایەتییە مێژوویی و هێما جیهانییەكاندا ناسراوە، وەك رۆڵی شاژن ئەلیزابێسی دووەم لە فیلمی (The Queen)، هەروەها لە كارە دیارەكانی تری وەك (Elizabeth I) و (Losing Chase). دەوری لە فیلم و سینەمای 50 ساڵی رابردوودا  گەلێك دیارن.

لەبارەی تەمەنەوە دەڵێت، ئەوەی باشە هەموو بیرۆكەكانت گۆڕانكارییان بەسەر دێت، ئەوەی پێشتر وەك خانمێك پێت وابوو كاتی زۆر بۆ ئارایشت و خۆگۆڕین و خۆڕازاندنەوە تەرخان دەكەین، لە هەڵكشانی تەمەندا ئەو شتانە لات گرنگییان نامێنێت.

باسی لەوە كردووە، ئەوەی گرنگە لەو تەمەنەدا رێزگرتنە لە جەستەت و بارودۆخی دەروونیت و كار بكەیت بۆ هاوسەنگیی هەردووكیان.

دەڵێت، پێویستە ژنان گۆڕانكارییەكانی تەمەن و سپیبوونی قژیان قبووڵ بكەن و وەك خاڵێكی پۆزەتیڤ سەیری بكەن، نەك لێی بترسن.

پێی وایە جوانیی ڕاستەقینە لە متمانە بەخۆبوون و ئاسوودەییدایە نەك لە ماندووبوون بۆ گەیشتن بە تەواوخوازی.

ئاماژە بەوە دەكات، چیتر كاتی خۆیان لە ساڵۆنەكان بۆ بۆیەكردنی قژ و نینۆك یان ڕێكخستنی بەردەوامی قژ بە ئامێری گەرمی بەفیڕۆ نادەن و گەڕاونەتەوە سەر سروشتی خۆیان، وەك قژی لوول یان سپیی سروشتی خۆیان، چونكە لەم تەمەنەدا پێویستە خانمان گرنگی بە تەندروستیی پێستیان بدەن نەك نەشتەرگەریی جوانكاری.

 پێی وایە هێشتنەوەی نیشانەكانی تەمەن، ڕەنگدانەوەی ژیانێكی پڕ لە ئەزموونە و جوانیی ڕاستەقینە ئەوەیە كە مرۆڤ لە ناو پێستی خۆیدا هەست بە ئارامی بكات.



وشە - سۆران عەزیز