دامەزرێنەری "پارتی سیسرکەکان" لە هیندستان هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرێت

:: PM:07:10:25/05/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئایاری 2026، ئەبهیجیت دیپکی دامەزرێنەر و سەرۆکی گەنجانی "پارتی گەلی هیندی بۆ سیسرکەکان"، ڕای گەیاند کە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە و فشاری خراوەتە سەر بۆ ئەوەی بچێتە پاڵ دەسەڵات.

ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا" لە زاری دیپکییەوە گواستیەوە کە گوتوویەتی، ئێستە من هەڕەشەی کوشتنم لەسەرە.

پارتی گەلی هیندی بۆ سیسرکەکان بووەتە هێزێکی سیاسیی دیار لەسەر پلاتفۆرمی ئینستاگرام، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی لە 20 ملیۆن کەس تێپەڕی، لە کاتێکدا فۆڵۆوەرەکانی لاپەڕەی پارتی گەلی هیندیی فەرمانڕەوا، کەمێک لە نۆ ملیۆن زیاترە.

ئەو وێنانەی دیپکی بڵاوی کردوونەتەوە دەریدەخەن کە بەهۆی بەڕێوەبردنی هەژمارەکانی پارتەکەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی لێ کراوە، لەگەڵ بوونی داواکاری بۆ داخستنی لاپەڕەکان یان چوونە ناو پارتی فەرمانڕەواوە.

جێی باسە، پارتی گەلی هیندی بۆ سیسرکەکان وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی سوریا کانت سەرۆکی دادگای باڵای هیندستان دامەزرا، کە تێیدا گەنجانی بێکاری بە "سیسرکە" چووواندبوو. سەرەڕای سروشتی تەنزئامێزی بزووتنەوەکە، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە کە پشتگیری لە دەستووری هیندستان دەکات و بەنیازە بەرگری لە بەهاکانی بکات.

ئەم لێدوانانە کاردانەوەیەکی فراوانی لەسەر ئینتەرنێت لێ کەوتەوە، لە کاتێکدا دیپکی کە ئێستە لە ئەمەریکا نیشتەجێیە، لە 16ی ئایاردا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پارتەکەی ڕاگەیاند، پێش ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا جەماوەرەکەی بەخێرایییەکی زۆر گەشە بکات.

دواتریش و لە چوارچێوەی گوشارەکاندا، هەژماری پارتەکە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس لە ناوخۆی هیندستان قەدەغە کرا.


وشە - پۆڵا مەحموود