گامێشێكی نامۆ و دەگمەن لە بەنگلادیش كە بەهۆی جەژنی قوربانەوە بۆ سەربڕین ئامادە كرابوو، بەرلەوەی بێتە سەربڕین، حكوومەتی ئەو وڵاتە رێگەی لە سەربڕینی گرت و رزگاری كرد. هۆكارەكەی رەنگی گامێشەكە و هەڵسوكەوتی هێمنی بووە كە زەردە و لە گامێشی ئاسایی جیاوازە، بۆیە خاوەنەكەی ناوی "دۆناڵد ترەمپ"ی لێ ناوە.
پێگەی
"شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی بەنگلادیش وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەنگلادیش گامێشێكی نامۆ و دەگمەن بەناوی "دۆناڵد ترەمپ" كە رەنگی زەردی بریقەدارە، بە فراوانی بڵاو بووەتەوە كە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بۆ سەربڕین ئامادە كرابوو، بەڵام بەهۆی دەگمەنییەكەی، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە هاتە سەرخەت و رێگەی نەدا گامێشەكە بێتە سەربڕین و رزگاری كرد.
میدیاكان باس لەوە دەكەن كە گامێش بەگشتی رەنگیان رەشە، بەڵام ئەو گامێشە رەنگی جیاوازە و زەردی بریقەدارە، هاوكات كێشی زیاتر لە 700 كلیۆگرامە، خاوەنەكەی گامێشەی فرۆشتووە و كڕیاریش مەبەستی قوربانی بوو بەبۆنەی جەژنەوە، بەڵام كاتێك خەڵكێكی زۆر رەخنەیان لە سەربڕَینی گامێشەكە گرتووە كە ئاژەڵێكی زۆر نامۆ و دەگمەنە و تەنانەت هەڵسوكەوتیشی لەگەڵ گامێشی ئاسایی جیاوازە و زۆریش هێمنە، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ بەنگلادیش هاتە سەرخەت و لە سەربڕین رزگاری كرد.
سەڵاحەدین ئەحمەد وەزیری ناوخۆی بەنگلادیش، فەرمانی كرد ئەو گامێشە نەیەتە سەربڕین، بۆ ئەوەیش نرخی گامێشەكەی رادەستی كڕیارەكەی كرد و گامێشەكەی بۆ باخچەی ئاژەڵانی نیشتمانی لە دكای پایتەخت گواستووەتەوە. وەك ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی كردووەتەوە.
باس لەوە دەكرێ كە ئێستە خەڵكێكی زۆر و بەتایبەتی گەشتیاران لە شوێنی دوورەوە بۆ بینینی گامێشەكە روو لەو باخچەی ئاژەڵانە دەكەن.
لەبارەی ناوەی گامێشەكە بە "دۆناڵد ترەمپ" ناو دەبرێت، خاوەنە رەسەنەكەی گوتوویەتی، كاتێك گامێشەكە لە گۆلكییەوە بەخێویان كردووە، برا بچووكەكەی ناوی لێ ناوە "دۆناڵد ترەمپ" و پێی وابووە بەو سەرۆكەی ئەمەریكا دەچێت، بۆیە تا ئێستەیش بەو ناوە "ترەمپ" بانگی دەكەن.
ئێستەیش ئەو گامێشە لە باخچەی ئاژەڵانە و چاودێرییەكی زۆرباش دەكرێت، رۆژانە دێتە شوشتن و خۆراكی تایبەتی پێ دەدرێت، بەردەوام پزیشكی ڤێتێرنەری پشكنینی بۆ دەكات.