بۆچی كۆتر زیرەكانە شوێنی داڵدەدانی دەناسێتەوە؟

:: PM:07:12:07/06/2026 ‌

كۆتر یەكێكە لەو باڵندانەی لە نزیك مرۆڤەوە دەژیت و ماڵی دەبێت، ئەو باڵندەیە چەند تایبەتمەندییەكی هەیە، لەوانە دەتوانێت بوارێكی دوور ببڕێت و بگەڕێتەوە هەمان شوێنی پێشووی، زانایان زۆر هەوڵیان دا هۆكاری ئەو تایبەتمەندییەی بزانن، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە بەشێكی وەڵامی ئەو پرسیارە لە جگەری كۆتردایە.

ماڵپەڕی " SciTechDaily"، باسی ئەوەی كرد كە چەند جۆرە خانەیەكی تایبەتمەندی بەرگری لە جگەری كۆتردا هەن، یارمەتی دەدەن بۆ هەستكردن بە بواری موگناتیسیی زەوی، بۆیە وەك قیبلەنمایەكی ناوخۆیی كار دەكەن و یارمەتی دەدەن لە ئاراستەی فڕین و ناسینەوەی شوێنەكان، ئەو خانانە بە "بەلاعم" دەناسرێن، كە یارمەتی تێكشكاندنی خڕۆكە سوورە پیرەكان دەدەن، لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەو ئەركەشیان، ئاسن تیایاندا كۆ دەبێتەوە، وەك توێژەران گوتیان، ئەو ئاسنە تایبەتمەندییەكی دەگمەن بە خانەكان دەبەخشێت كە بتوانن بە بوارە موگناتیسییەكان كاریگەر بن، بۆیە لەكاتی لابردنی ئەو خانانە لە لەشی كۆتر، ئەوان بە زەحمەت بۆ شوێنی خۆیان دەگەڕانەوە. 

پرۆفیسۆر كریستیان كورتس بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشكی و بەرگرییزانیی كلینیكی لە نەخۆشخانەی زانكۆی بۆن و یەكێك لە بەشدارانی توێژینەوەكە دەڵێت، بە هیچ شێوەیەك پێشبینی نەدەكرا بەرگرییە خانەكان وەك حەساس بۆ بوارە موگناتیسییەكان كار بكەن، ئەنجامی توێژینەوەكە بوونی میكانیزمێك لای ئاژەڵەكان بۆ هەستكردنی بە بواری موگناتیسیی زەوی دەر دەخات. 

بۆ دڵنیابوون لەو زانیارییانە، توێژەران كۆترەكانیان لە دووری 20 كیلۆمەتر لە شوێنی خۆیان بەرەڵا كرد، ئەوەش دوای لابردنی ئەو خانەی جگەر، ئەوان لە رۆژانی هەوردا توانای ناسینەوەی ئاراستە و شوێنی خۆیان لەدەست دا، بەڵام لە رۆژانەی خۆر بەدەرەوە بوو، توانیان بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوەش لە رێگەی پشتبەستن بە ئاماژەكانی خۆر لە بری بواری موگناتیسی زەوی، بۆیە دەركەوت كە كۆتر پشت بە چەند سیستمێكی فڕین و ناسینەوەی ئاراستەكەی دەبەستێت و كاتێك خۆر نییە، هەستكردن بە بواری موگناتیسیی زەوی بۆ ئەو زۆر گرنگ دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل