حكوومەتی چین خواردنی چێشتخانەیەکی لە بەرپرسان قەدەغە کرد

:: PM:06:56:16/06/2026 ‌
تۆڕی "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردەوە، چێشتخانەی "King’s Joy" کە یەکێکە لە چێشتخانە هەرە لووتکە و گرانبەهاکانی پەکینی پایتەختی چین، لە ساڵی ڕابردووەوە کەوتووەتە ژێر قەدەغەکردنێکی فەرمیی ڕانەگەیەنراو بۆ بەرپرسانی حكوومەت بۆ ئەوەی لەوێ نان نەخۆن، ئەمەش لە ناو لیستێکدایە کە دەیان دامەزراوەی گرانبەهای تر لە پەکین لەخۆ دەگرێت.

بەپێی تۆڕەکە، هۆکارەکەی پێوەندیی بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە هەیە کە ساڵانێکە شی جین پینگ سەرۆکی چین سەرکردایەتیی دەکات، چونکە نرخی ژەمەخواردن لەو چێشتخانەیەدا لە نزیکەی 250 دۆلارەوە بۆ هەر کەسێک دەست پێ دەکات.

هەڵمەتەکەی سەرۆک شی، سازدانی خوانە گرانبەهاکان و زۆر خواردنەوەی کحوول قەدەغە دەکات، بەو پێیەی پێی وایە ئەم ڕەفتارانە لەوانەیە ببنە هۆی دابەزینی ئاستی ئەخلاقی لە ناو پارتی کۆمۆنیستدا.

تێکڕای مووچەی فەرمانبەرێکی حكوومەت لە پەکین مانگانە نزیکەی هەزار و 600 دۆلارە، ئەمەش وا دەکات نانخواردن لە شوێنە گرانبەهاکانی وەک ئەم چێشتخانەیە، گومان دروست بکات لەسەر خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی یان وەرگرتنی بەرتیل.

چێشتخانەی "King’s Joy" دەکەوێتە دەروازەی بەرانبەر بە پەرستگەی مێژووییی "لاما" لە دڵی پەکینی ئیمپراتۆریی کۆن لە پایتەخت، و ناوەکەی بە زمانی چینی ڕەنگدانەوەی کەلەپووری کولتووریی دێرینی پایتەختی چینە کە بارەگای چوار شانشینی ئیمپراتۆری بووە. ئێستەش حجزکردن تێیدا زۆر داواکراوە، بە جۆرێک دەوڵەمەندەکان و کەسایەتییە دیارەکانی چین کێبڕکێ لەگەڵ سەردانیکەرانی بیانی دەکەن بۆ حجزکردنی مێزێک.

ئەم چێشتخانەیە بە یەکێک لەو شوێنانە هەژمار ناکرێت کە خەڵک ڕۆژانە سەردانی بکەن، بەڵکوو شوێنێکە تەرخان کراوە بۆ بۆنە بەرزەکان، وەک پێشکەشکردنی داوای هاوسەرگیری، ئاهەنگە ساڵانەیییەکان و پێشوازیکردن لە میوانە گرنگەکان، هەروەها چینی مامناوەندی سەرهەڵداو لە چینیش دەستیان کردووە بە هەوڵدان بۆ تاقیکردنەوەی ئەم شوێنە بێوێنەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود