كارەكانی دروستكردنی سندووقی ڕەشی زەوی لە شوێنی جێهێڵراوی نیشتنەوەی فڕۆكەكان لە ویلایەتی تسمانیای ئوسترالیا دەستی پێ كرد، ئامانجی دروستكردنی ئەو سندووقە پاراستنی سەرجەم زانیارییەكانی پێوەست بە مرۆڤایەتییە، تا بۆ نەوەكانی داهاتوو وەك گەنجینەیەك بمێنێتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، سندووقی ڕەشی زەوی هەموو هەنگاوێك تۆمار دەكات كە مرۆڤایەتی بە ئاراستەی كارەساتێكی بكوژ گرتوویەتییەبەر، سەرجەم زانیارییەكان لە ئاژانسەكانی بۆشاییگەری ئاسمان و وێستگەكانی كەشناسی و زانكۆكان كۆ دەكرێنەوە، بۆ ئەوەی تۆمارێكی بێلایەن و پڕ لە وردەكاری بۆ نەوەكانی داهاتوو بهێڵرێتەوە.
كاتێك
سندووقەكە تەواو دەكرێ كە درێژییەكەی 16 مەتر و بەرزییەكەی چوار مەترە، وەك ئامێرێكی تۆماركردنی لێ دێت كە ناتوانرێ بە هیچ شێوەیەك وێران بكرێ و لەناو ببرێت.
كۆمپانیای راوزەر لاب سەرپەرشتیی پڕۆژەكە و دروستكردنی دیوارە پۆلایینەكانی ئەو سندووقە دەكات، دووپات لەوە دەكاتەوە دیوارەكانی بە پۆڵایەكی یەكجار بەهێز دروست دەكرێن، كە هیچ كارەساتێكی وەك گەردەلوول و بوومەلەرزە و ئاگر و لافاوەكان و هێرش و بۆردمانەكانیش ناتوانێ سندووقەكە ببڕێت و وێران بكرێت.
شوێنی سندووقەكە لەسەر بەردێكی گەورەی گرانیت دەبێت كە تەمەنی 500 ملیۆن ساڵە و كەوتووەتە كەناراوەكانی ڕۆژئاوای ویلایەتی تسمانیا، ئەمەیش بە بڕوای كۆمپانیاكە جێگیرترین شوێنە لە ڕووی سیاسی و جیۆلۆجییەوە لەسەر زەوی تا ئەو سندووقە گرنگەی لێ دابنرێت.
بە دانانی 36 تابلۆی وەرگرتنی وزە لە تیشكی خۆر و سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبای خۆكار، سندووقە ڕەشەكە دەتوانێ دوای نەمانی دوا مرۆڤیش، لەسەر زەوی بەردەوام بێ لە تۆماركردنی زانیارییەكان.