باخچەی ئاژەڵانی هەولێر پێنج ساڵ پێش ئێستە سێ كیسەڵی بەتەمەنی بیابانەكانی میسری گواستەوە بۆ هەولێر، دوای پێنج ساڵ ئەو كیسەڵانە بوونە خاوەن 11 بێچوو.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی حوزەیران، محەمەد عومەر بەڕێوەبەری راگەیاندنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ساڵی 2021 لە بیابانەكانی نێوان میسر و سوودان سێ كیسەڵی بیابانیمان بۆ باخچەكەمان گواستەوە كە تەمەنیان سەرووی 100 ساڵە.
زیاتر گوتی، ئەو كیسەڵانە ژینگەیەكی هاوشێوەی بیابانمان بۆیان رەخساندووە، خزمەتێكی زۆر كران تا پارێزراو بن.
باسی لەوەش كرد، ئەو كیسەڵانە هێلەكەیان كرد و ئێستە 11 بێچوویان هەڵهێناوە، دوای پێنج ساڵ ژمارەیان زیادی كرد.
روونی كردەوە، ئێستە هاووڵاتییان دەتوانن سەردانیان بكەن و دیمەنی ئەو كیسەڵە سەرووی 100 ساڵییانە ببینن.