ئەو مراوییەی بووەتە ئەستێرەی مۆندیال چاوی بە سەرۆكی مەكسیك دەكەوێت

:: AM:11:08:23/06/2026 ‌
"مێرلین" ناوی ئەو مراوییەیە كە لەگەڵ جەماوەری تیپی مەكسیك بۆ تۆپی پێ لە یارییەكانی مۆندیالدا، دێتە گۆڕەپان بۆ هاندانی تیپی وڵاتەكەی، بۆیە ئێستە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەو مراوییە بووەتە ئەستێرە. بۆ ئەوەیش بڕیارە چاوی بە سەرۆكی مەكسیك بكەوێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 23ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، ئەو مراوییەی ئێستە لە مەكسیك بووەتە ئەستێرەی مۆندیال، ناوی "مێرلین"ە و بەردەوام جەلوبەرگی یاریزانانی تیپی مەكسیك دەپۆشێت و لە گۆڕەپانی یاری و لە ناو بازاڕەكانیشدا هاتوچۆ دەكات، بەوەیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بووەتە ئەستێرەی مۆندیال، بڕیاریشە لە كاتی ئامادەبوونی سەرۆكی مەكسیك كلۆدیا شینبۆم لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، ئەویش ئامادە بێت و چاوی بە سەرۆك بكەوێت.

خاوەنی مراوییەكەی كارلا جۆمیز بۆ میدیاكان گوتی، زۆر دڵخۆش دەبین كە بەهۆی مێرلینەوە چاومان بە سەرۆك دەكەوێت، بۆ ئەوەیش تەواوی دنیا ئەو دیمەنە دەبینێت كە یەك لە جوانییەكانی مەكسیكە.

باس لەوە دەكرێت كە كاتێك ئاهەنگەكانی سەركەوتنی مەكسیك بەسەر باشووری ئەفریقا "دوو- سفر" لە شەقامەكانی مەكسیك ساز كرا، مێرلین بە جەلوبەرگی تیپی وڵاتەكەی لە شەقامەكاندا لە 11ی یۆنیۆ دەركەوت، ئەوەیش وایكرد هاوێنەی میدیاكان بیخەنە بەرچاو، لەوكاتەوە مێرلین بووە ئەستێرەی مۆندیال و بەردوام وێنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبینرێت.

دواتریش خاوەنی مێرلین دووپاتی كردەوە، دەیانەوێ لە داهاتوودا ئەو مراوییە بكەنە پروپاندە و رێكلام بۆ كارە بازرگانییەكان، ئەگەری زۆر هەیە ناوداریی مێرلین بۆ ئەو خێزانە ببێتە خێر و دەوڵەمەندیان بكات، لە كاتێكدا یەك لە منداڵەكانی ئەو خێزانە، نەخۆشییەكی مێشكی هەیە و تا ئێستە نەیانتوانیوە چارەسەری بۆ بكەن.

شینۆم سەرۆكی مەكسیكیش دووپاتی كردووەتەوە، ئەو خێزانەی خاوەنی مێرلینن، بەمزووانە هاوكارییان پێ دەگات، بێ ئەوەی وردەكاریی هاوكارییەكان ئاشكرا بكات.






وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د